بودجەی هەرێم ئەگەری دروستکردنی کێشەیەکی تری لەگەڵ بەغدای لێدەکرێت


نەتەوە  |   14:42:02 2019-06-06  |   (1,066) جار خوێندراوەتەوە

loading...
لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری له ‌په‌رله‌مانی كوردستان لەبارەی یاسای ئیداره‌دانی دارایی عیراق روونکردنەوە دەدات و ئه‌ندامێكی لیژنه‌که‌ش لەبارەی بڕگه‌ی تایبه‌ت به ‌ناردنی بودجه‌ی ساڵانه‌ی هه‌رێمەوە بۆ به‌غدا ئاماژە بە ئەگەری دروستبوونی کێشە دەدات.
A+    A-


 

زیاد جه‌بار ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ‌په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاندووە:  "به‌گوێره‌ی‌ یاسای ئیداره‌دانی دارایی عیراق كه‌ له‌دوا دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا  په‌سه‌ندكراوە، ده‌بێت ساڵانه‌ هه‌رێم بودجه‌ی خۆی ره‌وانه‌ی حكومه‌تی عیراق بكات و دواتر له ‌بودجه‌ی گشتیدا جێگه‌ی بكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كێشه‌و رۆتیناتی زۆر بۆ هه‌رێم دروستده‌كات".

 

لەو رووەشەوە ئەو پەرلەمانتارە بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی- وتووە: "له‌ڕووی یاسایی و ده‌ستورییه‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ كێشه‌ی نییه‌ و به‌گوێره‌ی‌ یاساكه‌ش ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان پێوه‌ی پابه‌ندبێت".

 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ روونیشیکردووەتەوە کە ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌نددا كێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراوی زۆر هه‌یه‌ كه‌ پێویستیان به‌وه‌‌یه‌ به‌گفتوگۆ چاره‌سه‌ربكرێن، له‌وانه‌ دۆسێكانی (نه‌وت، بودجه‌، پێشمه‌رگه‌ و ماده‌ی 140)، پرسی ره‌وانه‌كردنی بودجه‌ی هه‌رێمیش بۆ به‌غدا ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و كێشانه‌".

 

دەشڵیت: "له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ پێویسته‌ وه‌زاره‌تی دارایی له ‌كابینه‌ی داهاتووی هه‌رێمدا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عیراقدا لێكتێگه‌یشتنیان هه‌بێت، تا له‌به‌غداوه‌ كێشه‌ بۆ بودجه‌ی هه‌رێم دروست نه‌كرێت".

 

ئاماژەشی بەوە داوە کە ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ هه‌رێمی كوردستان بێ بودجه‌یه‌ و پێشناچێت بۆ ئه‌مساڵ بتوانرێت بودجه‌ی 2019 ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت بۆ په‌سه‌ندكردن".





loading...











زۆرترین بینراوەکان