لەبارەی دامەزراندنی نزیكەی 3 هەزار كەس فەرمانێك دەردەكرێت


نەتەوە  |   16:49:19 2019-05-22  |   (2,081) جار خوێندراوەتەوە

loading...
بەپێی زانیارییەکان "ناوی 2 هەزار و 526 کەس" کە لە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستانن، لە ئەنجومەنی وەزیرانە و چاوەڕوانی دەرکردنی فەرمانێک دەكرێت بۆ دامەزراندنیان.
A+    A-

بەپێی زانیارییەکان، بڕیار وایە لە کابینەی تازەی حکوومەت، ئەو پرسە چارەسەر بکرێت و فەرمانی دامەزراندن بەپێی پێویستیی وەزارەتەکان بۆ ئەو کەسانە دەربکرێت.


بۆ ساڵی 2015-2016، سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیان هەزار و 369 کەسە، بۆ ساڵی 2016-2017 بە هەمان شێوە هەزار و 157ن و دانەمەزراون.


هه‌ر به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌، لە 15/4/2019 لە ئەنجومەنی وەزیران بە نوێنەری یەکەمەکان راگەیاندراوە، لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی تازەوە، فەرمانی دامەزراندنەکەیان دەردەکرێت.


لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، یەکەمەکان 25 جار خۆپیشاندانیان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە، له‌وبارشه‌وه‌ عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەهه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی راگەیاندوه‌، بە نووسراوی فەرمی، وردەکاریی ناوی یەکەمەکان دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران.


ناوبراو وتیشی: "بەهۆی ئەوەی ماوەی چەند ساڵێکە دامەزراندنی (معید)ەکان راگیراوە و (معید)ەکانی پێشتریش کە دامەزرابوون، ئێستا زۆربەیان لە خوێندنی باڵا لە ماستەر وەرگیراون، بۆیە کۆلێژ و پەیمانگەکان پێویستییەکی زۆریان بە دامەزراندنی ئەم (معید)انە هەیە، هەر بۆیە وەزارەتەکەمان داوای دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی کردووە".

 

لە کۆبوونەوەی 14/1/2019ی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیار درابوو سێ یەکەمەکان دابمەزرێندرێن، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ فەرمانێک دەرنەچووە.


لای خۆشیه‌وه‌ نەزهەت ساڵح، راوێژکاری قوتابییان و خوێندنی باڵا لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران به‌ هه‌فته‌نامه‌كه‌ی راگەیاندوه‌، ناوی سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان لە دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە و "بەدڵنیایی لە کابینەی داهاتووی حکوومەت ئەو بابەتە یەکلایی دەکرێتەوە و بەپێی پێویست دادەمەزرێندرێن".


روونیشیكردەوە: "زۆر لە زانکۆ و پەیمانگاکان پیۆیستیان بە دامەزراندنی یەکەمەکانە، زۆر بەش لە زانکۆکان پێویستیانە و دەبێ خەڵکیان بۆ دابمەزرێندرێت، بەڵام مەرج نییە هەر سێ یەکەمەکان دابمەزرێندرێن، چونکە بارگرانی دەبێت بۆ حکوومەت".


جەختیشیكردەوە، سەرەتا هەر سێ یەکەمەکان دادەمەزرێندران، بەڵام دواتر کرایە یەک یەکەم، وتیشی: "پێشووتر وابوو یەکەمەکان دادەمەزرێندران، دووەم و سێیەم بەپێی پێویستی شوێنەکان بۆیان دەکرا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت تاوەکوو بزاندرێت کابینەی تازە بڕیاری چی دەدات".
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان