قوباد تاڵەبانی: نەوشیروان مستەفا دۆستەکانی خۆشیان دەویست و نەیارەکانی رێزیان دەگرت


نەتەوە  |   20:00:59 2019-05-19  |   (259) جار خوێندراوەتەوە

loading...
جێگری سەرۆکوەزیرانی "هەرێم" لە دووەم ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا رایده‌گه‌یه‌نێت، ''هەموو ژیانی بۆ خەبات لە پێناو کورد و کوردستاندا تەرخانکرد، هەربۆیە دۆستەکانی خۆشیان دەویست و نەیارەکانیشی رێزیان لێدەگرت''.
A+    A-

 

قوباد تاڵەبانی، لە دووەم ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک په‌یامێكی لە ژێر ناوی ''لە یادی کاک نەوشیرواندا'' بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ تێیدا هاتووه‌، ''کاکە نەوە یەکێک بوو لە نزیکترین هاوڕێکانی مام و چوار دەیە لە خۆشی و ناخۆشیدا پێكەوەبوون، ئەم دوو هاوڕێیە دوو عەقڵی گەورەی سیاسیی کوردستان و ناوچەکە بوون، مێژوو و دەستکەوتە مەزنەکانیان، خۆشەویستی جەماوەر بۆیان، ئەو راستییەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە تاوەکو کورد بمێنێت ئەم دوو هاوڕێ و هاوخەباتە لەبیرناکات.


ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، "ئەوەی بەلای منەوە زۆر گرنگە ئەوەیە کاتێک لە جێیەکدا جیاوازییەک لە تێڕوانینی ئەم دوو سەرکردەیەشدا دروست بووبێت، لە کۆتاییدا کاری نەکردووەتە سەر هاوڕێیەتییەکەیان و وەفایان بۆ یەکتری لە دەستنەدا. بۆیە تاوەکو ئەو رۆژەی جێیانھێشتین، هەر هاوڕێ و خۆشەویستی یەکتر بوون".


لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت: "کاک نەوشیروان بە راستی بەتەنگ دۆزی گەلەکەیەوە بوو، بەردەوام هەوڵی داوە ژیانی خەڵک باشتربێت و بەم هۆیەشەوە رێز و خۆشەویستی خەڵکی کوردستانی بەدەستهێنا".

 

دەقی په‌یامه‌كه‌ی قوباد تاڵەبانی:

‏‎دوو ساڵ لەمەوبەر، گەلی کورد یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی خەباتی خۆی لەدەست دا، كە کاک نەوشیروان بوو. بەو پێیەی كۆچكردوو سیمبولێكی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانە ژیانئاواییەكەی دڵی زۆربەی هەرە زۆری كوردی لە هەموو جێگایەكی دنیا داخورپاند. هەموو ژیانی بۆ خەبات لە پێناو کورد و کوردستاندا تەرخان کرد، هەربۆیە دۆستەکانی خۆشیان دەویست و نەیارەکانیشی رێزیان لێ دەگرت.

‏‎بە درێژایی مێژووی سیاسیمان، کەم سەرکردە و سیاسی وامان هەبووە وەک کاک نەوشیروان خاکی بێت، سادە و بێ تەماح بێت، هاوکات خوێندەوار و ڕۆشنبیریش بێت.

‏‎هەم لە بوارە مەیدانییەکەی سیاسەتدا کەسێکی دیار بوو، هەم لە بوارە تیۆرییەکەیشدا  لێهاتوو و زانا بوو. هەر لەبەر ئەمەشە لەسەرەتای ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتییەوە تا ئەو ڕۆژەی کۆچی دوایی کرد، لە بەشێکی زۆری دەستکەوتە سیاسی و گۆرانکارییە گەورەکاندا بەشداری بەرچاوی هەبووە.

کاک نەوشیروان بە ڕاستی بەتەنگ دۆزی گەلەکەیەوە بوو، بەردەوام هەوڵی داوە ژیانی خەڵک باشتر بێت و بەم هۆیەشەوە رێز و خۆشەویستی خەڵکی کوردستانی بەدەستهێنا. 

‏‎"کاکە نەوە" یەکێک  بوو لە نزیکترین هاوڕێکانی مام و چوار دەیە لە خۆشی و ناخۆشیدا پێكەوە بوون. ئەم دوو هاوڕێیە دوو عەقڵی گەورەی سیاسیی کوردستان و ناوچەکە بوون، مێژوو و دەستکەوتە مەزنەکانیان، خۆشەویستی جەماوەر بۆیان، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە هەتا کورد بمێنێت ئەم دوو هاوڕێ و هاوخەباتە لەبیر ناکات. ئەوەی بەلای منەوە زۆر گرنگە ئەوەیە کاتێک لە جێیەکدا جیاوازییەک لە تێڕوانینی ئەم دوو سەرکردەیەشدا دروست بووبێت، لە کۆتاییدا کاری نەکردۆتە سەر هاوڕێیەتییەکەیان و وەفایان بۆ یەکتری لە دەست نەدا. بۆیە تاکو ئەو ڕۆژەی جێیانھێشتین، هەر هاوڕێ و خۆشەویستی یەکتر بوون.

‏‎بە دڵنیاییەوە کاک نەوشیروان یەکێکە لەو سەرکردە سیاسییانەی کە هەرگیز نامرێت و هەرگیز لەبیر ناکرێت٠





loading...











زۆرترین بینراوەکان