بزوتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەكی بڵاوكرده‌وه‌


نەتەوە  |   17:48:57 2019-05-19  |   (650) جار خوێندراوەتەوە

loading...
بزوتنەوەی "گۆڕان" لە پەیامێكدا لە دووەم ساڵیادی كۆچی دووایی دامەزرێنەری بزوتنەوەكە، رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كۆنفرانسی نیشتمانی دەبەستن، هاوكات بە ئاماژەدان بە دۆخی هەستیاری ناوچەكەش داوای لە سەرجەم لایەنەكان كردووە، پێكەوە قەوارەی سیاسی هەرێم بپارێزن.
A+    A-

 

لەبەیانامەیەكدا بە بۆنەی دووەم ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، بزوتنەوەی گۆڕان بڵاویكردۆته‌وه‌، لە كاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە كوردستان‌و ناوچەكە بە بارودۆخێكی دژوارو ئاڵۆزدا تێدەپەڕێ، گرژی‌و ئاڵۆزی نێوان زلهێزەكان ‌و هێزە ئیقلیمییەكان ناوچەكەی خستۆتە بەردەم مەترسی ئەگەری زۆرەوە.


دووپاتیشیكردۆته‌وه‌، بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی كۆمەڵایەتی مەدەنی دژی ئەوەیە هەرێم‌و عێراق بكرێن بە مەیدانی شەڕی زلهێزەكان، لەلایەكی ترەوە قەیرانی ئابوری‌و دارایی ژیان‌و گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستانی تێكداوە. سەرەڕای ئەمانەش ناكۆكی نێوان هێزە سیاسییەكان‌ هاونیشتیمانیانی هێندەی تر نائومێد كردوەو ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی خستۆتە بەردەم هەڕەشەیەكی جیدی‌یەوە.


ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: هەر لەم بۆنەیەدا جەخت لە گرنگی یەكڕیزی نێوان هەمو هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەینەوە، بەوانەی دەچنە دەسەڵات‌و ئەوانەش كە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن هەڵدەبژێرن. تاكو بتوانین هەمومان بەیەكەوە روبەڕوی ئەو ئاڵنگاریانەی بەردەممان ببینەوەو قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان بپارێزین‌و ئەو ناوچانەی لەدەستمان داوە بیانگێڕینەوە .


لە بەشێكی تری بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووه‌، جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریداوە دوا بەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كۆنفرەنسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ببەسترێ. ئەركە گرنگەكانی كۆنفرەنس بریتی دەبن لە پێداچونەوە بە دەستوری گۆڕان‌و بەرنامەی سیاسی‌و هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگانەكان‌و رێكخستنەوەیان‌، بۆ ئەوەی گۆڕان بتوانێت لە ئاست چاوەڕوانی گۆڕانخوازان‌و هاوڵاتیانی كوردستان بێت.

 

بەیاننامەی بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی ساڵیادی كۆچی دوایی كاك نەوشیروانەوە
هاونیشتیمانیانی كوردستان…
ئەمڕۆ دوو ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر كۆچی دوایی سەركردەی ناوداری جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان، نەوشیروان مستەفا. كاك نەوشیروان نەك تەنها بۆ نزیكەی نیو سەدە وەك سەركردەیەكی نیشتیمانی‌ و نەتەوەیی گەورە بەشداری كاریگەری لە خەباتی رزگاریخوازی كورد كردوە بەڵكو، وەك كەسایەتییەكی هەڵكەوتو لە بواری فیكری، رۆشنبیری، مێژویی، پێشمەرگایەتی، ئەدەبی‌و رۆژنامەگەریدا شوێن پەنجەی دیار بوە. ئەم سەركردە مەزنە وەك لاوێكی خاوەن توانا بەشداری شۆڕشی ئەیلولی كردوەو لە شۆڕشی نوێی گەلەكەمانیش رۆڵی سەركردەیەكی ژیرو كارای دیوەو ئەندازیاری راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ساڵی 1991 بوە. لەدوای راپەڕینیش سەركردایەتی رەوتی بنیاتنانی پایەكانی دەوڵەتی كوردستان‌و بەنیشتیمانیكردنی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم‌و چاكسازی كردوە. شۆڕەسواری چەسپاندنی مافە نەتەوەییەكانی كورد بوە لە گفتوگۆكانی نێوان كورد‌و بەرامبەرەكانیدا بە نوسینەوەی دەستوری عیراقیشەوە. دوا وێستگەی خەباتی سیاسی كاك نەوشیروان دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بو. هەر بۆیە كاك نەوشیروان تەنها موڵكی یەك لایەن‌و یەك پارچەی كوردستان نیە بەڵكو، موڵكی هەمو خەڵك‌و خاكی كوردستانە.

ئێمە لە كاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە كوردستان‌و ناوچەكە بە بارودۆخێكی دژوارو ئاڵۆزدا تێدەپەڕێ. گرژی‌و ئاڵۆزی نێوان زلهێزەكان‌و هێزە ئیقلیمییەكان ناوچەكەی خستۆتە بەردەم مەترسی ئەگەری زۆرەوە. بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی كۆمەڵایەتی مەدەنی دژی ئەوەیە هەرێم‌و عیراق بكرێن بە مەیدانی شەڕی زلهێزەكان. لەلایەكی ترەوە قەیرانی ئابوری‌و دارایی ژیان‌و گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستانی تێكداوە. سەرەڕای ئەمانەش ناكۆكی نێوان هێزە سیاسییەكان‌ هاونیشتیمانیانی هێندەی تر نائومێد كردوەو ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی خستۆتە بەردەم هەڕەشەیەكی جیدی‌یەوە.

هاونیشتمانیانی خۆشەویست…
بزوتنەوەی گۆڕان لە هەستكردن بە بەرپرسیاریێتی‌و خەمخۆری بۆ خەڵكی كوردستان‌و لەسەر داوای پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیكرد بە گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ پارتی‌و رێكەوتنێكی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئیمزا كرد. لەو رێكەوتنەدا توانرا بەشێكی زۆر لە پاكێجەكانی چاكسازی، كە هەموی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە، بكرێ بە كارنامەی كابینەی داهاتو. لە بەرامبەردا هەمواركردنەوەو كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پەسەند كرا، كە تێیدا سەرۆكی هەرێم لە لایەن پەرلەمانی كورستانەوە هەڵدەبژیردرێ.
هەر لەم بۆنەیەدا جەخت لە گرنگی یەكڕیزی نێوان هەمو هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەینەوە، بەوانەی دەچنە دەسەڵات‌و ئەوانەش كە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن هەڵدەبژێرن. تاكو بتوانین هەمومان بەیەكەوە روبەڕوی ئەو ئاڵنگاریانەی بەردەممان ببینەوەو قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان بپارێزین‌و ئەو ناوچانەی لەدەستمان داوە بیانگێڕینەوە . هەر ئەمەش ماكی سەركەوتنی گەلەكەمانەو دەبێتە رێگر لەبەردەم دوبارەبونەوەی روداوە نەخوازراوەكانی شەڕی ناوخۆو كارەساتی شەنگاڵ لە 3ی ئابی 2014 و لەدەستدانی كەركوك‌و زۆربەی ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان لە 16 ئۆكتۆبەری 2017 و لاوازبونی پێگەی كورد لە بەغدا.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی گۆڕان، جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریداوە دوا بەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كۆنفرەنسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ببەسترێ. ئەركە گرنگەكانی كۆنفرەنس بریتی دەبن لە پێداچونەوە بە دەستوری گۆڕان‌و بەرنامەی سیاسی‌و هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگانەكان‌و رێكخستنەوەیان‌، بۆ ئەوەی گۆڕان بتوانێ لە ئاست چاوەڕوانی گۆڕانخوازان‌و هاوڵاتیانی كوردستان بێت. بزوتنەوەی گۆڕان لەم روەوە پێشوازی لەهەر سەرنج ‌و تێبینی ‌و رەخنەو پێشنیارێك دەكات لە چوارچێوەی ئۆرگان‌و پرنسیپە رێكخراوەییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە ئامانجی پتەوكردنی ریزەكانی‌و باشتركردنی ئەدای ئۆرگانەكانی گۆڕان‌و بەهێزكردنەوەی متمانەی هەمو هاوڵاتیانی كوردستان بە پەیام‌و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان.

لەكۆتاییدا بەڵێن بە هاونیشتیمانیانی كوردستان‌و روحی كاك نەوشیروان دەدەین كە داكۆكی لە ماف‌ و داوا رەواكانی خەڵك بكەین ‌و درێژە بە خەباتی مەدەنی بدەین‌و پابەند بین بە پەیام ‌و بەرنامەكانی گۆڕان لەمەڕ هێنانەكایەی دادوەری كۆمەڵایەتی و چەسپاندنی سەروەری یاساو بەگژاچونەوەی گەندەڵی‌و بەنیشتیمانیكردنی دامەزراوەكانی هەرێم‌و هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی‌و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك‌و ناوچە كوردستانییە دابڕینراوەكان‌و گێڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان. هەروەها شێلگیرانە درێژە بەو كارو بەرنامانە دەدەین كە رەوانشاد لە پەیام‌و نوسینەكانی‌‌و بۆنە فەرمییەكاندا ئاماژەی پێكردون. لە هەمان كاتدا بەكارهێنانی ناوی كاك نەوشیروان‌و بیروبۆچونەكانی بۆ مەبەستی شەخسی رەتدەكەینەوە.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی كاك نەوشیروان‌ و هەموو ئەوانەی لە پێناوی رزگاری كوردستان‌ و دەستەبەركردنی عەدالەتدا خەباتیان كردوە.

  بزوتنەوەی گۆڕان
   19 - 5 - 2019
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان