حكوومەت چەند ملیار دۆلارێك لە قەرزەکانی داوەتەوە


نەتەوە  |   17:07:17 2019-05-14  |   (2,348) جار خوێندراوەتەوە

loading...
لەدوای سووكبوونی "قەیرانی دارایی"، بە تایبەت لە ساڵی 2018 و 2019دا، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، زیاتر لە یەک ملیار دۆلار قەرزی چەند شوێنێك دراوەتەوە.
A+    A-

 

بەپێی ئەو داتا و زانیارییانەی لە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمه‌وه‌ دراون، لە ماوەی ساڵی رابردوو تاوەكوو ئێستا، نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار قەرزی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دراوەتەوە، لەگەڵ 300 ملیۆن دۆلاری بەڵێندەران و 260 ملیۆن دۆلاری قەرزی بانكە ئەهلییەكان.


له‌وباره‌یه‌وه‌ د. ئاراس خۆشناو، سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوە و زانیاریی ستراتیژی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ هه‌فته‌نامه‌ی باس رایگەیاندوه‌، حكوومەت بە پلانێكی باش قەرزەكانی دەداتەوە و "لە كاتی قەیرانی داراییدا، حكوومەتی هەرێم 4 ملیار دۆلاری قەرزی بە دوو وەجبە لە توركیا وەرگرتبوو، لە مانگی داهاتوودا دانەوەی قەرزەكە كۆتایی دێت، واتا هەر چوار ملیارەكە پاكتاو دەبێت".


روونیشیكردەوە، قەرزە ناوخۆییەكانیش بە ئاستێكی زۆر باش دراونەتەوە و 300 ملیۆن دۆلاری بەڵێندەران دراوەتەوە، لەگەڵ قەرزی بانكە ئەهلییەكان و چەند شوێنێكی تر.


ئاراس خۆشناو پێی وایە دانەوەی قەرزەكان بەو ئاستە هەنگاوێكی گرنگە و دڵخۆشكەرە و "سووكبوونی قەیرانی دارایی ئەوەیە، كە قەرز سووك بووە و دراوەتەوە، چونكە قەرز نەدرێتەوە، هەر كەڵەكە دەبێت و سووی دێتە سەر، ئەو سووەش دەبێت لە داهاتی گشتی بدرێتەوە".


ئاشكراشی كرد، لە مانگی 8ی 2017وە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی كردووە بە دانەوەی قەرزەكانی و "ساڵێك و 8 مانگە حكوومەت بەردەوامە لە دانەوەی قەرز، زیاتر لە یەک ملیار دۆلار دراوەتەوە قەرزە ناوخۆییەكان، نزیكەی 4 ملیار دۆلاری قەرزی توركیاش، لەگەڵ بڕە پارەیەكی باشی كۆمپانیا نەوتییەكانیش دراوەتەوە".


لە مانگی 12ی ساڵی 2018، كۆمپانیای دانەغاز ئاشكرای كرد، 466 ملیۆن دۆلاریان لەبری قەرزەكانیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە.


لای خۆشیه‌وه‌ وریا هه‌ورامی، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاریی نه‌وتی کوردستان بە هه‌فته‌نامه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، بڕێكی باشی قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان دراوەتەوە، "قەرزەكانی كۆمپانیاكانی دانا غاز و گەنەڵ ئینێرجی سووك كراون، بە گشتی كەمتر لە یەک ملیار دۆلار دراوەتەوە كۆمپانیا نەوتییەكان".


ناوبراو زانیاری لەبارەی چۆنیەتیی دانەوەی قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان خستە ڕوو و وتی: "بە دوو شێوە قەرزەكانیان پێ دراوە، شێوەیەكیان لە داهاتی مانگانەی نەوت، شێوەكەی تریش زیادكردنی پشكەكانیان بووە و لەم رێگەیەوە پاكتاوی قەرزەكانیان كراوە".


 





loading...











زۆرترین بینراوەکان