سیستمێكی نوێ بۆ دابەشكردنی موچە دادەنرێت


نەتەوە  |   19:37:14 2019-05-13  |   (3,491) جار خوێندراوەتەوە

loading...
لیژنەی "دارایی" بەدواداچوون بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شێوازی ڕێكخستنەوەی دەكات، ئەندامێكی لیژنەكەش ڕایدەگەیەنێت: وەزارەتی دارایی دابەشكردنەكە بەسیستم دەكات و ئەوانەی میلاكیان زۆرە ڕۆژێكیان بۆ دیاریدەكرێت و تا 25ی مانگیش كۆتایی بەدابەشكردنی موچە دێت.
A+    A-

 

لیزا كاكەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاندوه‌، دابەشكردنی موچە بەردەوام دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەندێك وەزارەت پارەیەكی زۆریان پێویستە بۆ موچە، بۆیە بەخاوی پرۆسەكە دەڕوات.


ناوبراو وتیشی:"ئەو وەزارەتانەی میلاكیان كەمترە، بەیەكەوە موچەكەیان دابەشدەكرێن، بەڵام ئەو وەزارەتانەی میلاكیان زۆرەو پارەیەكی زۆری دەوێت، وەك وەزارەتەكانی (پێشمەرگە، تەندروستی و پەروەردە) پێویستیان بەڕۆژێكی تایبەت بەخۆیان هەیە، لەڕووی لۆجیستیشەوە بۆ وەزارەتی دارایی زەحمەتە بەیەكەوە موچەی سەرجەمیان بدات".


لیزا كاكەیی، كە ئەندامی فراكسیۆنی پارتییە له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن ئاشكراشیكرد: هیچ كێشەیەك لەدابەشكردنی موچە نییەو تا 25ی مانگ موچەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكان كۆتایی دێت.


ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ ئاماژەی بەسیستمێكی نوێ كرد بۆ دابەشكردنی موچەو ڕایگەیاند: پێش قەیرانی دارایی هەر وەزارەتێك ڕۆژێكی دیاریكراوی هەبوو بۆ وەرگرتنی موچە، لەئێستاشدا وەزارەتی دارایی سەرقاڵی پەیڕەوكردنی ئەو سیستمەیە، بەڵام كاتی دەوێت و سیستمەكەش بەجۆرێك دەبێت ئەو وەزارەتانەی میلاكیان زۆرە بەجیاو ئەوانەشی كەمە بەیەكەوە دابەشدەكرێت".
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان