له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی جۆره‌ كرمێك ته‌ندروستی هه‌ولێر روونكردنه‌وه‌ ده‌دات


نەتەوە  |   19:50:36 2019-05-10  |   (306) جار خوێندراوەتەوە

loading...
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی "هه‌ولێر" رایگه‌یاندوه‌، ئه‌و جۆره‌ كرمه‌ی‌ له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی‌ شاره‌كه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ وه‌رزین و به‌هۆی زۆری گژوگیا ده‌رده‌كه‌ون و مه‌ترسی و زه‌ره‌رمه‌ند نین بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ.
A+    A-

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی جۆره‌ كرمێك له‌ ده‌ورووبه‌ری شاری هه‌ولێر له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، "ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌‌ جۆره‌ كرمێك له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی ده‌رووبه‌ری شاری هه‌ولێر بڵاوبۆته‌وه‌ و نیگه‌رانی دروست كردووه". 


ته‌ندروستی هه‌ولێر جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌، "به‌ هاووڵاتیان راده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئه‌و جۆره‌ كرمانه‌ وه‌رزین و به‌هۆی زۆری گژوگیا ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆی دواكه‌تنی وه‌رزی گه‌رما و فێنكی ئاووهه‌وا ژماره‌یان‌ زیادی كردووه‌ به‌ تایبه‌تی له‌و شوێنانه‌ی كه‌ گژوگیای زۆره‌".


له‌ به‌شێكی تری رونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، "تیمه‌كانی پاراستنی ته‌ندروستی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و نیگه‌رانییه‌ سه‌ردانی گه‌ڕه‌كه‌كانی نزیك ده‌شتایی ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ن و رێوشوێنی پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر به وه‌رگرتنی نمونه‌ی كرمه‌كان و تێست كردنیان بۆ له‌ناوبردنیان و له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی‌ رشاندنی ده‌رمانی قڕكه‌ر بۆ ئه‌و شوێنانه‌، ده‌ست پێكراوه‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت". 


دووپاتیشیكردۆته‌وه‌،  "هاووڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ كرمانه‌ به‌شێكن له‌ خێزانی مێرووه‌كان و مه‌ترسی و زه‌ره‌رمه‌ند نین بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ، به‌ڵكو به‌پێی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما و به‌سه‌رچوونی به‌هار ئه‌و جۆره‌ مێروانه‌ نامێنن و له‌ناوده‌چن، بۆیه‌ هێچ پێویست به‌ نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ ناكات".
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان