ناوی كاندیده‌كانی یه‌كێتی بۆ پۆسته‌ حكومیه‌كان بڵاوده‌كرێته‌وه‌


نەتەوە  |   17:34:03 2019-05-10  |   (4,541) جار خوێندراوەتەوە

loading...
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ رێگه‌ی لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سیڤی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ كابینه‌ی داهاتووی هه‌رێم پۆست وه‌ربگرن، دواتریش له‌ مه‌كته‌بی سیاسی ناوه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌، پاشان ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بڕیار له‌سه‌ر یه‌ك كه‌س ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ كاندیدی فه‌رمی حزبه‌كه‌یان بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌ حكومیه‌كان.
A+    A-

 

ماڵپه‌ڕی دواڕۆژ له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی ئاشكرا بكرێت بڵاویكردۆته‌وه‌، "ئه‌و لیژنه‌یه‌ی به‌ سه‌رۆكایه‌تی (عومه‌ر فه‌تاح) دانراوه‌ چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كردووه‌ و زیاتر له‌  700سیڤیان بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كان به‌ده‌ستگه‌یشتووه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌كه‌ن، دواتریش مه‌كته‌بی سیاسی كورتكردنه‌وه‌ له‌ لیستی ناوه‌كان ده‌كه‌ن، پاشان ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بڕیار له‌سه‌ر یه‌ك كه‌س ده‌دات بۆ وه‌رگرتنی هه‌ر پۆستێك".


وتیشی: "بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم تا ئێستا ته‌نها (قوباد تاڵه‌بانی) كاندیده‌ و بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ كاروباری سه‌ربازی (شێخ جه‌عفه‌ر) خوازیاره‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت و زۆرتر ناوی ئه‌و ده‌هێنرێت، هه‌روه‌ها بۆ پۆستی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ هه‌ریه‌ك له‌ (مسته‌فا چاوڕه‌ش، شۆڕش ئیسماعیل، جه‌بار یاوه‌ر) ده‌یانه‌وێت ببنه‌ كاندیدی حزبه‌كه‌یان".


به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌: هه‌ریه‌ك له‌ (حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، ئارامی حه‌مه‌ی مینا) بۆ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری سیڤییان پێشكه‌شكردووه‌، زۆرتر ناویان ده‌هێنرێت، هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له‌ (د.عیزه‌ت سابر، د.پۆڵا خانه‌قا، ئاسۆس عه‌لی) سیڤیان پێشكه‌ش كردووه‌ بۆ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و زیاتر ناویان ده‌هێنرێت، جگه‌له‌وه‌ش (ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ) داوای وه‌زاره‌تی پلاندانانی كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش (ڕه‌وه‌ند كه‌ركوكی، جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی) داوای پۆستی وه‌زاره‌تی هه‌رێم بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. تائێستا به‌هێزترین كاندیدیش بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا (د.یوسف گۆران)ه‌.


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، هه‌موو حزبه‌كان به‌هۆی فشاری رێكخراوه‌كانی ژنانه‌وه‌ به‌ڵێنیانداوه‌ ژنێك بكه‌نه‌ وه‌زیر، یان پۆستێكی بده‌نێ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیری هه‌بێت له‌ناو یه‌كێتیش (په‌روین كاكه‌حه‌مه‌) ناوی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی وه‌زاره‌تێك یان ده‌سته‌یه‌كی پێبدرێت.


سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ی یه‌كێتی كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێت: "تا ئێستا ته‌نها (ڕێواس فایه‌ق و بێگه‌رد تاڵه‌بانی) ناویان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌، ده‌بێت رێكبكه‌ون له‌سه‌ری یان یه‌كێكیان ته‌نازول بۆ ئه‌وی تریان بكات، یان دوو ساڵ به‌ دوو ساڵ پۆسته‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رن".


هاوكات به‌پێی زانیارییه‌كان بۆ هه‌ر پۆستێك سیڤییه‌كی زۆر پێشكه‌شكراون، به‌ڵام ئه‌و ناوانه‌ی بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ زۆرترین چانسیان هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ و زیاتر ناویان ده‌هێنرێت و ره‌زامه‌ندی زۆرینه‌یان له‌سه‌ره‌.





loading...











زۆرترین بینراوەکان