بۆ تاپۆكردنی خانوو و موڵك چەند بڕیارێك دەردەكرێت


نەتەوە  |   16:06:57 2019-05-08  |   (475) جار خوێندراوەتەوە

loading...
لەبارەی رسووماتی "تاپۆكردنی خانوو و موڵك و رێگریكردن لە ساختەكردنی بەڵگەنامەی تاپۆ" چەند بڕیارێک دەردەچن، بەرپرسێكی تاپۆش چەند زانیارییەكی گرنگ ئاشكرا دەكات.
A+    A-

 

لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی خانووبەرەی هەرێمی كوردستان (تاپۆ) له‌ لێدوانێكدا بە هه‌فته‌نامه‌ی باسی راگەیاندوه‌، ئەو رسووماتانەی لەبری تۆماركردنی موڵك وەردەگیرێت وەك خۆیەتی و "ئەو زانیارییانە راست نین، كە باس لە زیادكردنی رسوومات دەكەن، رسووماتی تەملیككردن وەكوو خۆیەتی، ئەو پارەیەی بۆ بەناوكردنی خانوو یان زەوی وەردەگیرێت، دیاریكراوە".


ناوبراو وتیشی: "ئەوەی موڵكێك دەكڕێت ئەوا 3%ی قەبڵاندنی پارەی فرۆشتنی موڵكەكە پارە بۆ تەملیك وەردەگیرێت، ئەوەش یاسا دیاریی كردووە، لە كاتی ئەو مامەڵەیە پارەی ئاو و كارەبا و شارەوانی و پارێزەر دەدرێت، ئەوە پەیوەندیی بە تاپۆوە نییە"، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ چەند ساڵێك پێش ئێستا، ره‌سمی تاپۆكردن لە 1% بوو.


ئاشكراشی كردوه‌، هەر هاووڵاتییەك بیەوێت خانوو و موڵك تاپۆ بكات، نابێت قەرزی ئاو و كارەبا و قەرزی شارەوانیی لەسەر بێت: "هیچ هاووڵاتییەك لەو پێنج باجە نابەخشرێن و دەبێ هەموویان پاك بكاتەوە".


روونیشیكردەوە، ئێستا بەهۆی بوژانەوەی رەوشی ئابووری، مامەڵەی خانووبەرە زۆر زیادی كردووە و بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، ئێستا مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی زیادی كردووە، ئەوەش وای كردووە مامەڵەی تۆماكردنیش زیاد بێت و لە جاران باشتر بووە".


جەختیشیكردەوە، بە ڕێكاری یاسایی موڵك لەسەر خەڵكی عەرەب و بیانی تۆمار دەكرێت، وتیشی: "بۆ نموونە عەرەبی عێراقی دەتوانێت موڵك بكرێت و بەناوی بكات، بۆ خەڵكی بیانی ئەوە رێنمایی و یاسای تایبەت هەیە، بەڵام بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان ئەوە بەپێی یاسای وەبەرهێنان لەسەریان تاپۆ دەكرێت".


بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی خانووبەرە سەبارەت بەو كەسانەی باس لەوە دەكەن، تاپۆكانیان ساختە كراوە، وتی: "ئەو كەسەی تاپۆی كەسێكی تر تەزویر دەكات، ئەوە دادگا هەیە و دەتوانێت لە رێگەی دادگاكان مافی خۆی وەربگرێتەوە، لەنێو تاپۆ مامەڵە تەزویر ناكرێت".


دووپاتیشیكرده‌وه‌، بۆ پاراستنی بەڵگەنامەكانی تاپۆ و موڵك، بەرنامەی بە ئەلیكترۆنیكردنی تۆمارەكانی خانووبەرەیان هەیە و "دەستیشكراوە بە ئەلیكترۆنیكردنی تۆمارەكان، 15 ئامێری پێشكەوتوومان لە ئەڵمانیا دابین كردووە، تۆمارەكانمان سكان كردوون و لە كۆمپیوتەر پارێزراون، ئەگەر حاڵەتی تەزویركردنیش روو بدات، لە رێگەی ئەو ئامێرانە چارەسەری دەكەین".





loading...











زۆرترین بینراوەکان