پرۆژەیاسای سەرۆکایەتیی هەرێم پەسندکرا


نەتەوە  |   13:35:42 2019-05-08  |   (153) جار خوێندراوەتەوە

loading...
ئه‌مڕۆ "چوارشه‌ممه‌" بە دەنگی 89 پەرلەمانتار، پرۆژەیاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەسندکرا.
A+    A-

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستان بە دەنگی 89 پەرلەمانتار، پرۆژەیاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەسندکرا و به‌پێی مادده‌ په‌سه‌ندكراوه‌كانیش، ئاساییه‌ سه‌رۆك بڕوانامه‌ی نه‌بێت و ده‌ست له‌ پۆسته‌ حیزبییه‌كه‌شی نه‌كێشێته‌وه‌.


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێشنیاری ئه‌وه‌ی سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هه‌بێت و پاش ده‌ستبه‌كاربوونی دەسەڵاتەکانیان دیاری دەکات، بە دەنگی 84 بەڵێ و 23 نەخێر په‌سه‌ندكرا.


هه‌روه‌ها پێشنیاری بڕوانامە بۆ سەرۆکی هەرێم کە نابێت لە بەکالۆریۆس کەمتری هەبێت، بەدەنگی 69 نەخێر و 22 به‌ڵێ رەتکرایەوە، واتا پێویست نییە سەرۆکی هه‌رێم بڕوانامەی هەبێت.


له‌باره‌ی پێشنیاری ئەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەل دەستبەکاربوونیدا واز لە پۆسته‌ حیزبییەکەی بهێنێت و دەست لەکاربکێشێتەوە، به‌  69ده‌نگی نەخێر و 24 دەنگی بەڵێ ره‌تكرایه‌وه‌، واتا ئاساییه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم بێت و پۆستی حیزبیشی هه‌بێت.


له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی دەنگدان بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم نهێنی یان به‌ ئاشکرا بێت، 20 پەرلەمانتار لەگەل ئەوە بوون دەنگدان بە نهێنی بێت و 71 پەرلەمانتاریش ده‌نگی له‌سه‌ر ئه‌وه‌دا كه‌ به‌ ئاشكرا بێت، واتا بە دەنگدانی ئاشکرا سەرۆک هەڵدەبژێردرێت.


له‌ ماددەی پێنج خاڵی یەک پێشنیاركرا ماوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ماوەی ویلایەتی پەرلەمان کۆتایی بێت و سەرۆکی هەرێم بۆی نه‌بێت جارێکی تر خۆی کاندید بکاتەوە، تەنیا شه‌ش کەس لەگەڵ ئەو پێشنیارەدا بوون و بە دەنگی 77 پەڕلەمانتار ئه‌و پێشنیاره‌ ڕەتكرایه‌وه‌.


له‌ خاڵی دووەمی هه‌مان مادده‌دا پێشنیاركرابوو سەرۆکی هەرێم لەماوەی ویلایەتەکەیدا بەردەوام دەبێت تاوەکوو خولی دواتری په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئەمەش بە دەنگی 89 پەرلەمانتار په‌سه‌ندكرا.


به‌گشتی کۆی پرۆژه‌یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، له‌دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بەدەنگی 89 پەرلەمانتار پەسەندکرا و تەنیا 12 پەڕلەمانتار دژی بوون.
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان