ڕێكاری خه‌رجكردنی موچه‌ له‌به‌غداوه‌ ده‌گۆڕێت


نەتەوە  |   01:01:34 2019-04-16  |   (2,246) جار خوێندراوەتەوە

loading...
ئه‌منیداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: "ئه‌م هه‌فته‌یه‌ نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات به‌مه‌به‌ستی زانینی چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ناردنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ نییه‌".
A+    A-

 

جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاندوه‌، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ نوێنه‌رێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره‌ی، كه‌ پێشتر عادل عه‌بدولمه‌هدی داویه‌تی بۆ خه‌رجكردنی مووچه‌ی مانگانه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.


وتیشی: "سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، مووچەی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگەی له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقه‌وه‌ گواستۆته‌وه‌ بۆ سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و ره‌زامه‌ندیشیداوه‌ كه‌ مووچه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ مانگی كانونی دووه‌می 2019وه‌ خه‌رجبكرێت به‌ رێكار و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق دەدرێت".


جه‌بار یاوه‌ر له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی دوارۆژ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: نوێنه‌ره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كه‌ ده‌چێته‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاوه‌كو بزانرێت مووچه‌كه‌ چی رۆژێك و چۆن خه‌رجده‌كرێت ئایا به‌ شێوه‌ی مانگانه‌ دێت، یاخود هه‌ر چوار مانگ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌نێردرێت؟


ناوبراو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی گه‌ر حكومه‌تی عێراقی ئه‌و پاره‌یه‌ بنێرێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت؟ وتی: "بڕی ئه‌و هاوكارییانه‌ی ئه‌مریكا ده‌ینێرێت ته‌نها بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقیشه‌، بۆیه‌ ناردنی پاره‌ له‌ به‌غداوە كه‌ مووچه‌ و مافی پێشمه‌رگه‌یه‌، هیچ په‌یوه‌ندی به‌ هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ نییه".





loading...











زۆرترین بینراوەکان