وەزارەتی بازرگانی هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە


نەتەوە  |   19:06:59 2019-04-15  |   (1,825) جار خوێندراوەتەوە

loading...
به‌رپرسێكی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی "هەرێم"، دڵنیایی دەدات لە پشكنینی ئارد و بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان و داواشدەكات، هەركەسێك شتێكی نەشیاوی بەدی كرد لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بكاتەوە.
A+    A-

 

 

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم بە رادیۆ نەوای راگەیاندوه‌، ئەو بەشە ئاردەی مانگانەی بەسەر هاووڵاتیان دابەشدەكرێت، لەجۆری زۆرباش و هیچ گرفتێكی نییەو جگە لەوەش كاریگەری لەسەر راگرتنی نرخی ئارد كردووە لە بازاڕەكانداو بەراورد بەو ئاردە سفرەی دێتە عیراق و هەرێمی كوردستان كوالێتی بەرزترە.


ناوبراو دڵنیاییشیدایە هاووڵاتیان بەوەی لیژنە لەسەر لیژنە پێكهێنراوە بۆ پشكنین و بەدواداچوونی جۆری ئەو ئاردەی دابەشدەكرێت و لەلایەن لیژنەكانی وەزارەتی بازرگانی عیراقیشەوە بەردەوام بەدواداچوون دەكرێت و پێزانیان بۆ بەدواداچوونەكان كردووە.


داواشیكرد، هەركەسێك تێبینی هەیە لەسەر بەشە خۆراكی مانگانەو شتێكی نائاسایی بەدیكرد، بەزوویی پەیوەندی بكات بە لایەنی پەیوەندیدار تاوەكو بەدواداچوون بكرێت و كەسانی كەمتەرخەم بەتوندی سزا بدرێن. 


نەوزاد ئەدهەم سەبارەت بە بەشەخۆراكەكانی دیكە كە دابەشدەكرێت بەسەر هاووڵاتیان، وتی: "ئەو بەشەخۆراكەی مانگانە دەدرێتە پارێزگاكان، بەشێوەی مەركەزی دابەشدەكرێت و دوای پشكنینی هەر پارێزگایەك پشكی خۆی بۆ ڕەوانە دەكرێت، كاتێكیش دێتە هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە پشكنینی بۆ دەكرێتەوە جگە لەوەش ساڵانە ئەو بودجەیەی بۆ بەشە خۆراكی مانگانە دیاریكراوە كەمكراوەتەوەو بۆ ئەوەش وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، بەهۆی كەمی بودجەی تەخانكراو ناتوانرێت مانگانە دابەشبكرێت، بۆ ئەوەش دوومانگ جارێك بەشێك خۆرام دابەشدەكرێت".


رونیشیكردۆته‌وه‌، لەهەرێمی كوردستان نزیكەی 50% بۆ 60%ی هاووڵاتیان خۆراكەكان دەفرۆشنەوەو لەكاتێكدا لە پارێزگاكانی دیكەی باشورو ناوەڕاستی عیراق 70% هاووڵاتیان سود لەو خۆراكانە دەبینین كە دابەشدەكرێت، بۆ ئەوەش داواكراوە ئەو كەسانەی داهاتیان زۆرەو پێویستیان بەخۆراكی مانگانە نییە ناوەكانیان لە فۆڕمی خۆراك لاببرێت و بدرێتە كەسانێك كە سودی لێ دەبینین تاوەكو خۆراكەكان نەفرۆشرێتەوەو نرخەكەی لە بازارەكان كەمنەكرێتەوە.
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان