راگەیاندراوێك لە وەزارەتی پێشمەرگەوە


نەتەوە  |   18:41:19 2019-04-15  |   (417) جار خوێندراوەتەوە

loading...
وەزارەتی "پێشمەرگە" لەبارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەفدێكی وەزارەتی بەرگری عیراق راگەیاندراوێكی بڵاودەكاتەوە، به‌رپرسێكی وه‌زاره‌ته‌كه‌ش شێوازی بڵاوەپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لەناوچە دابڕێندراوەكان ئاشكرا دەكات.
A+    A-

 

بەگوێرەی راگەیاندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 15/4/2019، لیژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆكایەتی فەریق جەمال محەمەد سەرۆكی هەیئەی ئەركان و بەئامادەبوونی فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەت و ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەت، پێشوازیان لە وەفدێكی وەزارەتی بەرگری عێراق كرد، كە لەچەند فەرماندەیەكی پلە باڵا پێكهاتبوون.


له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، لە ‌دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، ئاكامی لیژنە مەیدانییەكان بۆ روپێوكردنی هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی عێراقی لەسەر نەخشە خرایەڕوو، بە ووردیش خاڵەكانی تایبەت بە ‌هێزی پێشمەرگە‌و هێزەكانی عێراق دیاریكراوە.


ئاشكراشیكردووە، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر هەماهەنگی نێوان هەردوولا و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان كرایەوە لە رووبەڕووبونەوەی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش و گروپە تیرۆریستییەكانی تر لەناوچە جیاجیاكانی عێراق و ناوچەكانی دەرەوی ئیدارەی هەرێم، بڕیاریشدرا بەزووترین كات لیژنەی باڵا كۆببێتەوە.


لای خۆشیه‌وه‌ جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندوه‌: بەگوێرەی ئەو رووپێوییەی كە لەلایەن لیژنەكانەوە كراوە، میكانیزمی دابەشكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان لەسەرنەخشەكەیان دیاریكراوە، كە پێشتر رووپێوی بۆ كراوە.

 

وتیشی: پێشتر لیژنەی لاوەكی لەخانەقین تا ناوچەی رەبیعە روپێوییان بۆ ناوچەكە كردووە، سەردانی لیژنەكەی وەزارەتی بەرگریش بەمەبەستی خستنەڕووی ئەو نەخشەیە بووە كە باس لە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات لەناوچە دابرێندراوەكاندا.


روونیشیكردەوە، لەكۆبونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵادا، بڕیاردەدرێت لەكوێ پێویست بكات هێزی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عیراق هەبێت.
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان