بەغدا بەڵێنێک به‌ هەرێم ده‌دات


نەتەوە  |   20:21:02 2019-03-14  |   (1,612) جار خوێندراوەتەوە

loading...
ئه‌ندامێكی "په‌ڕله‌مانی عێراق" ئاشكرای ده‌كات، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی عێراق به‌ڵێنی دانپێدانان به‌ 9 زانكۆی هه‌رێمی كوردستان و پشكی قوتابیانی كورد له‌ زه‌ماڵه‌ی خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌ و چه‌ند پرسێكی تری داوه‌‌.
A+    A-

 

محه‌مه‌د شاكر، په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بە‌ ماڵپەڕی فەرمی حزبه‌كه‌ی ڕاگەیاندوه‌، "له‌ لیژنه‌كه‌مان میوانداریی قوسه‌ی سوهەیل، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی عێراقمان كرد و بابه‌تی سه‌ره‌كی كه‌ ویستمان قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین پرسی ددانپێدانان بوو به‌ 9 زانكۆ له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ ئیعترافیان پێ نه‌كراوه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقەوە، له‌وانه‌ هه‌رسێ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی، له‌گه‌ڵ زانكۆی سۆران و زاخۆ و ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان و جه‌رمۆ و هه‌ڵه‌بجه‌ و بۆردی كوردیی كوردستان و، ئه‌و قوتابیانه‌ی كه‌ بڕوانامه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌ عێراق ددانییان پێدا نه‌نراوه‌ و ناتوانن درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن، ئه‌مانه‌ش كێشه‌یه‌كن و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراون".


هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، دوای گفتوگۆ د.قوسه‌ی سوهێل باوەڕی بۆ دروست بوو و وتی: باوەڕی ته‌واوم هه‌یه‌ و ده‌بێ ددان به‌و زانكۆیانه‌ی هه‌رێمدا  بنێین ‌و پرسی قوتابیانیش چاره‌سه‌ر بكرێت."


ڕوونیشیكرده‌وه‌، "به‌پێی ده‌ستوور هه‌ر زانكۆیه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان ددانی پێدا نرابێت، ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ له‌ به‌غداش ددانی پێدا بنێن، چونكه‌ هه‌رێمێكی شه‌رعیه‌ و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ دروسته.


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، خالێكی تریش زه‌ماڵه‌ی خوێندن بوو، 17 له‌سه‌دی به‌شی هه‌رێمی كوردستانیش دیاری ده‌كه‌ین بۆ قوتابیانی هه‌رێم، هه‌روه‌ها لە گرێدراوه‌كانی ڕۆشنبیریش له‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراق ده‌كەن نوێنه‌ری كوردمان نییه‌ و به‌ڵێنی داوه‌ پشكی كورد له‌وێش دیاری بكات، له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانیش وه‌كو عه‌ره‌ب بۆ كوردیش بڕیاره‌ كورسیی خوێندنیان بۆ دیاری بكرێت، ئه‌مانه‌ش ده‌ستكه‌وتی باشن بۆ كورد‌ و ئێمه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین."


به‌وته‌ی ئه‌و په‌ڕله‌مانتاره‌ی فراكسیۆنی پارتی، "وه‌زیری خوێندنی باڵا وتی به‌زووترین كات لیژنه‌یه‌ك پێك دێنین و سه‌ردانی ئه‌و زانكۆیانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین و ده‌یكه‌ین به‌ نووسراوی فه‌رمی و بۆ ئه‌م كاره‌ش ئێمه‌ هه‌ماهه‌نگ ده‌بین و چاودێریی بابه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ین تا جێبه‌جێ ده‌كرێت."
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان