ئامادەكاریەكان بۆ جەژنی‌ نەورۆز ئاشكرادەكرێت


نەتەوە  |   12:00:05 2019-03-13  |   (187) جار خوێندراوەتەوە

loading...
قائیمقامیەتی‌ "قەزای‌ ناوەندی‌ سلێمانی‌" ئامادەكاریەكانی‌ بۆ مەراسیمەكانی‌ بەهارو نەورۆز لەشارەكە ئاشكرادەكات و قائیمقامی‌ سلێمانیش وردەكاریی زیاتر لەبارەی‌ ئامادەكارییەكانی جەژنی نەورۆز دەخاتەڕوو.
A+    A-

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 13/3/2019 لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا ئاوات محەمەد، قائیمقامی‌ سلێمانی‌ پلانی‌ ڕۆژانی‌ پشوی‌ نەورۆزو شێوازی‌ بەڕێوەچونی‌ مەراسیمەكانی‌ ئاشكراكردو ڕایگەیاند، "هەماهەنگی‌ سەرجەم فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەكان هەیە بۆ پێشوازیكردن لەگەشتیاران"، وتیشی‌:"وەكو لیژنەی‌ ئەمنی‌ سلێمانی‌ داوای‌ لێبوردن لەخەڵكی‌ شارەكەمان دەكەین، كە ئەگەر دوێنێ‌ ناڕەحەتیان بۆ دروستبوبێت بەهۆی‌ تاوانێكی‌ چەتەییەوە لەشارەكەماندا".


ئاماژەی لەوەشكرد، كۆبونەوەی‌ ئەمڕۆی‌ قائیمقامیەتیش تایبەتبوو بەئامادەكاریی بەڕێوەچونی‌ مەراسیمەكانی‌ نەورۆز بەتایبەت بەرنامەكانی‌ ئەو مەراسیمە لەڕۆژانی‌ 16و 17ی‌ ئەم مانگەوە دەستپێدەكات و زیاتریش شەقامەكانی‌ (سالم، سەرچنار، هەواری‌ شار، توی‌ مەلیك و چاڤی‌ لاند) دەگرێتەوە.


دووپاتیشیكردەوە، لیژنە هاوبەشەكانی‌ قائیمقامیەت و چاودێری‌ بازرگانی‌ چاودێریەكانیان زیاتر دەكەن لە 20ی‌ ئەم مانگەشدا ئاگر لەگردی‌ مامەیارە دەكرێتەوەو فێستیڤاڵێكی‌ گەورە بەڕێوەدەچێت و لەهەموو ئەو شوێنانەشی‌ مەراسیم و قەرەباڵغی‌ هەیە، هێزی‌ ئەمنی‌ بونیان دەبێت".


باسی لەوەشكرد، ڕۆژانی‌ دیكەش لە(20، 21، 22و 23)ی‌ ئەم مانگەدا خەڵكی‌ كاتێك ڕوو دەكەنە سەیرانگاو شوێنە گەشتیاریەكان، هێزە ئەمنیەكان لەحاڵەتی‌ ئامادەباشیدان، "ئەمساڵ مۆزەخانەی‌ سلێمانی‌ ناكرێتەوە بەهۆی‌ نۆژەنكردنەوەی، بەڵام مۆزەخانەی‌ نیشتیمانی‌ ئەمنە سورەكە بەڕوی‌ گەشتیاراندا دەكرێتەوە".


بەوتەی‌ قائیمقامی‌ سلێمانی‌، شەوی‌ 20 لەسەر 21ی‌ ئەم مانگە شەقامی‌ سالم سەهۆڵەكە بەهۆی‌ كۆبونەوەی‌ قەرەباڵغی‌ بەڕوی‌ هاتوچۆی‌ ئۆتۆمبێلدا دادەخرێت و سەرجەم تیمەكانمان لەئامادەباشیدا دەبن.


هاوكات بەڕێوەبەرایەتی‌ گەشتیاری‌ سلێمانی‌ لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا ئاشكرایكرد، سەنتەرێكی‌ زانیاری‌ 24 كاتژمێر لەئەركدا دەبن شوێنیشیان لای‌ سلێمانی‌ پاڵاس دەبێت و ڕێبەری‌ گەشتیاریشیان هەیەو زانیاری‌ بەگەشتیاران دەدەن.
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان