ناوەڕۆكی ڕێككەوتنە نوێیەكەی پارتی و یەكێتی بڵاوكرایەوە.. لە 18 خاڵ پێكدێت


نەتەوە  |   11:37:44 2019-02-11  |   (941) جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكرایدەكات، "رێككەوتننامەكەی نێوان پارتی و یەكێتی لە 18 ماددە پێكهاتووە، ئەگەری زیادبوون و كەمبوونەوەی ماددەكانیش هەیە".
A+    A-

 

 سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی روداوو ئاماژەی بەوەكردووە، رێككەوتننامەكە پێناسەی شێوەی پێكەوەكردن و شەراكەتی راستەقینە دەكات لەنێوان یەكێتی و پارتیدا "ئەو شەراكەتە دەبێت رەنگبداتەوە لە بوارەكانی ئابووری، بازرگانی، سیاسەتی دارایی و شەقافیەت، هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت، هەروەها لە گۆڕینی هێزی پێشمەرگە لە هێزێكی حیزبی بۆ هێزێكی نیشتمانی، بە پڕۆسەیەك كە پێی دەوترێت ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە".


رۆژی 5ی شوباتی 2019، مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا لیژنەیەكیان پێكهێنا بۆ نووسینی رەشنووسی رێككەوتنێكی سیاسی، تاوەكو مەكتەبی سیاسی هەردوولا واژۆی بكەن و بڕیاری لەسەر بدرێت.


لەوبارەشەوە سەعدی پیرە وتی: "من و مەحموود محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راسپێردراوین بۆ نووسینەوەی رەشنووسی رێككەوتنە، بەڵام هێشتا رێككەوتنەكە تەواو نەبووە، گەیشتووینەتە سیغەیەك كە تاوەكو ئێستا 80%ی كۆتایی هاتووە، تەنیا لە هەندێك خاڵدا جیاوازییەكی كەممان هەیە".


وا بڕیارە پێش كۆبوونەوەی پەرلەمان لە 18ی ئەم مانگەدا، جارێكی دیكە پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی باڵا كۆببنەوە، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، "ئەو رەشنووسە ئامادە دەكرێت بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی داهاتووی مەكتەبی سیاسی هەردوولا واژۆ بكرێت و لەگەڵ ئەو داخوازی و تێبینییانەی گۆڕان دەدیداتە پارتی، دەكرێتە كارنامەی حكومەت".


وتیشی بەپێی رەشنووسی رێككەوتنەكە :"هەردوو حزب ئاگاداری سیاسەتی دارایی حكومەت و داهاتەكان دەبن و لە جوڵەی سەربازیدا رای یەكێتی وەردەگیرێت و لە پەیوەندییەكانی دەرەوەدا، یەكێتی بەپێی پێگە و قورسایی خۆی بەرپرسیارێتی پێدەدرێت".


دوای ئەوەی لیژنەكان رەشنووسی رێككەوتنەكەیان دایە مەكتەبی سیاسی هەردوولا، بۆ واژۆكردنی كۆدەبنەوە و دواتر هەرلەو كۆبوونەوەیەدا یەكێتی ناوی بربژێری سەرۆكی پەرلەمان دەداتە پارتی و پاشان كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكرێ‌.


لای خۆشیەوە عارف روشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوەی خستۆتەڕوو، هەردوولا هەنگاوی باشیان ناوە و بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە ئامادەكراوە "بۆ بەغدا و دەرەوە و ناوەوە حكومەت سیاسەتێكی رۆشنی دەبێت و یەكهەڵوێستییەكی وا دروستدەكرێ بۆ پرسەكان كە ئیدی ئەوە نەمێنێ هەریەك لە ئاوازێك بخوێنێ و دەستی حكومەت ببەسترێ".


وتیشی  "لەو ماوەیە كۆبوونەوەی زۆر  كراون و دواتر هەر لەو چوارچێوەیەشدا رێككەوتنێك لەسەر كەركووك دەكرێ".
 
















زۆرترین بینراوەکان