شێوازى كۆبوونە‌وە‌ی ئە‌نجومە‌نی پارێزگای كە‌ركوك گۆڕدرا


نەتەوە  |   18:18:09 2019-02-10  |   (283) جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ناڕەزایی لایەنە توركمانی و عەرەبییەكان و ترسی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە بۆ ئەنجامدانی، ئەگەری زۆرە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بگۆڕدرێت بە دانیشتنی لیستی برایەتی لە هەولێر.
A+    A-


لە كۆبوونەوەی سێشەممەی رابردووی شاندی باڵای پارتی و یەكێتی کە لەڕۆژی 2019/2/5 لە هەولێر بەڕێوەچوو. بڕیاریدا هاوکات لەگەڵ یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا لە رۆژی 2019/2/18 كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش لەبارەی كاراكردنەوەی ئەنجومەنەكە هەر لەهەولێر سازبكرێت، بەڵام کات و شوێنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك مشتومڕی زۆری لەنێو لایەنەکانی پارێزگاکەدا بەشوێن خۆیدا هێنا.

 

بەپێی چەند زانیارییەك کە سایتی دواڕۆژ بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی ناڕەزایی لایەنە توركمانی و عەرەبییەكان و ترسی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی کۆبوونەوەکەوە، ئەگەری زۆرە تەنها لیستی برایەتی لە هەولێر کۆببنەوە نەک هەموو ئەنجومەنەکە.

 

بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بەو سایتەی راگەیاندووە، ئەگەر رۆژی 2019/2/18 لەهەولێر كۆبوونەوەكە ئەنجامبدرێت، ئەوا لەو كۆبوونەوەیەدا ئەندامانی لیستی برایەتی وادەیەك بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دادەنێن، لەنێو باڵەخانەی پارێزگای كەركوك و نایانەوێت كۆبوونەوەكەش بە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناوببرێت، بەڵكو وەكو ئەندامانی لیستی برایەتی گفتوگۆ لەسەر چۆنێتی كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەكەن.

 

لەو رووەشەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی رایگەیاندووە کە لەگەڵ شاندی پارتیدا لەسەر ئەوە رێكنەكەوتوون كۆبوونەوەی ئەنجومەن تەنها دەبێت لە پارێزگای هەولێر بکرێت، بەڵكو لەگەڵ ئەوەدان ئەندامانی ئەنجومەنەکە خۆیان شوێنەكە دیاری بكەن، چونكە پرسەكە پەیوەستە بەوانەوە.

 

دەشڵێت: "ئاگاداری ئەوە نیم كە لیستی برایەتی بە نیازی چین لەماوەی ئەو هەفتەیەی كە لەبەردەمیاندا ماوە".

 

پەیوەست بەو بابەتەش رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێت: هێشتا لە قۆناغی دیراسەكردندان تا بزانن كۆبوونەوەکە چۆن و لە چ كاتێک ولە چ شوێنێك بکەن، بۆیە نایانەوێت پێش رووداوەكان بكەون.
















زۆرترین بینراوەکان