پێشنیازێكی نوێ له‌باره‌ی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌وه‌ ده‌كرێت


نەتەوە  |   12:18:15 2019-02-10  |   (3,108) جار خوێندراوەتەوە

ئه‌نجومه‌نی‌ "پارێزگای‌ سلێمانی"‌ له‌باره‌ی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌، یاداشتێك ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت: ده‌بێت هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك بزانێت چه‌ند پاره‌ی له‌ موچه‌كه‌ی پاشكه‌وتكراوه‌و بۆی بخرێته‌سه‌ر ژماره‌ حسابییه‌كی تایبه‌ت.
A+    A-

 

ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی‌ 12/2/2019ی ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا، یاداشتێك له‌باره‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه‌، بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و وه‌زاره‌تی‌ دارایی به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌.


ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ یاداشته‌كه‌، پێشنیاز ده‌كرێت به‌ر له‌ جێبه‌جێكردنی قۆناغی دووه‌می سیستمی بایۆمه‌تری، هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك بزانێت چه‌ند بڕه‌ پاره‌ی له‌ موچه‌كه‌ی پاشه‌كه‌وتكراوه‌، له‌كاتی راگه‌یاندنی قۆناغی دووه‌می سیستمه‌كه‌ش، سه‌رجه‌م موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان بخرێته‌ سه‌ر ژماره‌ حسابی بانكیی فه‌رمانبه‌ران.


ئاشكراشیكرد، پێشنیازو راسپارده‌كان ئاماده‌كراون و له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ رۆژی‌ سێشه‌ممه‌دا بڕیاری له‌باره‌وه‌ ده‌درێت، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ یاسایی و داراییه‌وه‌ دابڕێژرێته‌وه‌ و دواتر بخرێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و وه‌زاره‌تی‌ دارایی، بۆئه‌وه‌ی ژمێریاریی فه‌رمانگه‌كان راسپێردرێن تا ورده‌كاری  موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی‌ فه‌رمانبه‌ران ئاماده‌ بكه‌ن.


سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی، به‌دووریشی زانیوه‌ حكومه‌ت پێشنیازه‌كه‌یان ره‌تبكاته‌وه‌و وتی: هیچ  مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و پێشنیازه‌ نییه‌، چونكه‌ پێشتریش حكومه‌ت پێشنیازێكی ئێمه‌ی له‌باره‌ی ڕاگرتنی‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزی خانووبه‌ره‌و نیشته‌جێبوون له‌سوودمه‌ندبوانی یه‌كه‌ نیشته‌جێبووه‌كان په‌سه‌ندكرد.
 
















زۆرترین بینراوەکان