بەغدا قەرەبووی موچەی دوو مانگی ھەرێم دەكاتەوە


نەتەوە  |   10:02:50 2019-02-05  |   (7,644) جار خوێندراوەتەوە

loading...
لیژنەی "دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق" روونكردنەوە لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دەدات و سەرۆكی لیژنەكەش رایدەگەیەنێت: بەپێی یاسای پەسەندكراوی بودجە، بەغدا مانگانە ٥٢٢ ملیار دینار بۆ موچە رەوانەی ھەرێم دەكات و قەرەبووی مانگەكانی دیكەش دەكاتەوە.
A+    A-

 

ئەحمەد سەفار، سەرۆكی لیژنەی كاتی دارایی و ئابووری  لەئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: دوای پەسەندكردنی بودجەی 2019 لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، لەڕۆژنامەی وەقایع بڵاودەكرێتەوەو دەخرێتەبواری جێبەجێكردنەوەو لەڕۆژی 1/1/2019وە كاری پێدەكرێت.


ناوبراو وتیشی: "ئەگەر لەمانگی (3)وە بەپێی بودجەی 2019 پارە رەوانەی هەرێم بكرێت، پێویستە حكومەتی عیراق قەرەبووی هەردوو مانگی (1 و 2) بكاتەوەو هەرێم چ شایستەیەكی دارایی بەردەكەوێت رەوانەی بكات".


ئەحمەد سەفار لە كۆتایی لێدوانەكەی بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن روونیشیكردەوە، ئەگەر هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، حكومەتی بەغدا بڕی 10 تریلیۆن و 800 ملیار دیناری بۆ رەوانە دەكات، بەڵام ئەگەر ئەو بڕە نەوتە رادەست نەكات، ئەوا عیراق بڕی چوار تریلیۆن و 343 ملیار دینار لە نۆ تریلیۆن و 783 ملیار دینار دەبڕێت، ئەوەی دەمێنێتەوە پێنج تریلیۆن و 440 ملیار دینارە، كە مانگانە دەكاتە (522) ملیار دینار، لەو بڕەیەش 454 ملیار دیناری بۆ موچەی فەرمانبەران و 68 ملیار دیناریش بۆ پێشمەرگە رەوانە دەكرێت.


ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر، فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق بە ماڵپەڕەكەی راگەیاندبوو، "بەهۆی ئەوەی ئەو بڕگەیەی پێشتر بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دانرابوو، دەنگی نەهێناو بڕگەیەكی دیكە دانرا، بۆیە ئەو پارەیەی بەغدا مانگانە بۆ موچەی فەرمانبەران رەوانەی هەرێمی دەكات، كەمترە لە (500) ملیار دینار".
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان