دابەشكردنی‌ موچەی‌ مانگی‌ 11 پێشدەخرێت


نەتەوە  |   13:18:42 2019-01-30  |   (18,188) جار خوێندراوەتەوە

دابەشكردنی‌ موچەی‌ "ژمارەیەك لەوەزارەتەكان" پێشدەخرێت و خشتەی‌ موچەی‌ سەرجەم وەزارەتەكان بڵاودەكرێتەوە و بەپێی خشتەكەش ڕۆژی‌ 21ی‌ 2ی‌ 2019 دابەشكردنی‌ موچە كۆتایی دێت.
A+    A-

 

 ماڵپەڕی‌ كوردستان 24‌ لیستێكی‌ موچەی‌ وەزارەت و دامەزراوەكانی‌ سەر بەحكومەتی‌ هەرێمی‌ بڵاوكردۆتەوەو تێیدا موچەی‌ ژمارەیەك وەزارەت بەراورد بەمانگی‌ ڕابردوو پێشخراوە، لەو لیستی‌ موچەیەدا ئاماژە بەوەكراوە، ڕۆژی 5ی 2ی‌ 2019 دابەشكردنی موچە دەستپێبكاتەوەو وەزارەتیش پێشمەرگەیە لەگەڵ موچەی‌ دیوانی ئەو وەزارەتەو لیواكانی‌ و یەكەكانی 70و 80ی پێشمەرگە.


ئەوەشخراوەتەڕوو، ڕۆژی‌ 6ی‌ 2ی‌ 2019ش موچەی‌ وەزارەتی‌ پەروەردەو ڕۆژی‌ 7ی‌ 2ش كە پێنجشەممە دەكات وەزارەتی‌ تەندروستی‌ موچەی‌ پێدەدرێت.


لەسەرەتای‌ هەفتەشدا واتە ڕۆژی‌ یەكشەممە 10ی‌ 2، وەزارەتی‌ دارایی و ئابوری و دوشەممەش 11ی‌ 2، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەگەڵ كەسوكاری شەهیدان و زیندانیە سیاسیەكان موچە وەردەگرن، ڕۆژی سێشەممە 12ی‌ 2ی‌ 2019ش وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و چوارشەممەش كە دەكاتە 12ی‌ 2، وەزارەتەكانی‌ كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، داد، ئەنجوومەنی دادوەری و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان موچەیان پێدەدرێت.


سەبارەت بەدابەشكردنی‌ موچەش لەڕۆژی‌ پێنجەشەممەدا 14ی‌ 2، باس لەوەكراوە، وەزارەتەكانی‌ (ناوخۆ، سامانە سروشتیەكان، ئەوقاف و كاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێم) موچە وەردەگرن و ڕۆژی‌ یەكشەممەش 17ی‌ 2ی‌ 2019 كە دەكاتە سەرەتای‌ هەفتە ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای گشتیی ئاسایش و هێزەكانی زێرەڤانی و هێزی بەرگریی فریاكەوتن موچەكانیان پێدەدرێت.


هەروەك بەگوێرەی‌ لیستی‌ موچەی‌ مانگی‌ 11ی‌ وەزارەتی‌ دارایی، ڕۆژی‌ دوشەممە 18ی‌ 2، وەزارەتەكانی‌ (شارەوانی‌ و گەشتوگوزار، كشتوكاڵ، كارەبا، پلاندانان، گواستنەوەو گەیاندن، دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی، دەستەی مافی مرۆڤ، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی دەستپاكی، دەستەی ژینگە، دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەزگای گشتی كاروباری مین) موچەكانیان پێدەدرێت.


لە لیستەكەدا هاتووە، ڕۆژی‌ سێشەممەش 19ی‌ 2، هەریەك لەوەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، وەزارەتی رۆشنبیری، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران موچە وەردەگرن و چوارشەممەش 20ی‌ 2، خانەنشینانی سەربازی و پێنجشەممەش 21ی‌ 2، خانەنشینانی مەدەنی موچەیان پێدەدرێت و كۆتایی بەدابەشكردنی‌ موچە دێت.
 
















زۆرترین بینراوەکان