حكوومەت دەرگای دامەزراندن لەنێو پۆلیس و ئاسایش دەكاتەوە


نەتەوە  |   12:47:28 2019-01-15  |   (19,026) جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێكی باڵای "پۆلیس" ئاشكرای دەكات، بەھۆی دروستبوونی كێشەی میلاكات بەڵێنی ئەوەیان لە ئەنجومەنی وەزیران وەگرتووە، دەرگای دامەزراندن لەنێو پۆلیسدا بكرێتەوە.
A+    A-

 

لیوا بەختیار بابان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێم لە لێدوانێكدا بە هەفتەنامەی باسی راگەیاندوە، "بەھۆی قەیرانی دارایی، چەندین ساڵە دامەزراندن لەنێو پۆلیس وەستاوە، پێشووتر لە شوێندانان ھەبوو، بۆ نموونە، كەسێك خانەنشین دەبێت یان واز دەھێنێت، ئەویش لە ساڵی ٢٠١٦وە وەستاوە و نەكراوەتەوە، ئەوەش كێشەی كەمیی میلاكی بۆ دروست كردووین".


ناوبراو ئەوەشی خستۆتەڕوو، داواكاریی زۆریان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، بۆ ئەوەی دامەزراندن لەنێو پۆلیس بكرێتەوە و ئەنجومەنی وەزیران بەڵێنی داوە دامەزراندن بۆ پۆلیس بكرێتەوە و رەزامەندییان داوە ئاسایش دابمەزرێنن، پاش ئەوان بۆ پۆلیسیش دەكرێتەوە".


رونیشیكردەوە، لە بنكەكانی پۆلیس و بەرگریی شارستانی میلاكی بەتاڵیان بۆ دروستبووە، ئەوەش كێشەی بۆ دروست كردوون، لە كاتێكدا بنكەی پۆلیس زیادی كردووە و خەڵكێكی زۆر خانەنشین بوونە و وازیان ھێناوە، ئەوەش كاریگەریی دروست كردووە، ئاماژەی بەوەشكرد، جاران دەوام كەمبوو، ئێستا دەوامی پۆلیس فوول بووە، بۆیە لە ئەنجومەنی وەزیران بەڵێنیان پێ داوین، سەرەتا لە شوێندانان بكرێتەوە، پاشانیش دامەزراندن دەست پێ بكاتەوە.


هێمای بۆ ئەوەشكرد، خەڵكێكی زۆر نۆرەیان گرتووە بۆ دامەزراندن، ئێمەش بەپێی بڕوانامە و شیاوی و مەرجەكان دایان دەمەزرێنین، یان لە شوێندانانیان بۆ دەكەین.


بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس لەبارەی باشكردنی ژیان و گوزەران و مووچەی پۆلیس وتی: "ماوەی زیاتر لە ٦ مانگە، بڕێكی كەمی مووچەی پۆلیس و ئەفسەران پاشكەوت دەكرێت و چاوەڕوان دەكرێت وەزارەتی دارایی لەمساڵدا پاشكەوتی مووچە لابەرێت، بۆیە لەمساڵدا ھەوڵ دەدرێت كێشەكانی پۆلیس چارەسەر بكرێن و پێداچوونەوە بە مووچەشدا بكرێت".


جێی باسە، مووچەی یەكەم دامەزراندنی پۆلیس لە ھەرێم نزیكەی ٦٠٠ ھەزار دینارە، بەپێی ساڵانی خزمەت و بڕوانامە زیاد دەبێت.
 
















زۆرترین بینراوەکان