گۆڕانكاری لەوەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدرێت، سەرجەم هێزەكان دەگرێتەوە


نەتەوە  |   10:38:14 2018-11-19  |   (2,123) جار خوێندراوەتەوە

گۆڕانكاری لەوەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدرێت، سەرجەم هێزەكان دەگرێتەوە
A+    A-

 

لە "دوو هەفتەی رابردوودا" گۆڕانكارییەكی بەرچاو لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی كراوە، بەهۆی ئەو گۆڕانكارییەوە هەیكەلی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە چەند سوپایەكەوە گۆڕدراوە بۆ لیوا، بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەر و پلە باڵا بەبێ‌ پۆست ماونەتەوە.


یەكێك لەو ئەفسەرانەی كە لە پۆستەكەی خۆیدا نەماوە، لەلێدوانێكدا بۆ سایتی رووداوی راگەیاندووە، "ئێمە چوار ساڵ بەشداری شەڕی داعشمان كرد، چاوەڕێمان دەكرد پلە و پۆستمان بەرز بكرێتەوە، كەچی ئێستا پێیانگوتووین جارێ‌ لە ماڵەوە دانیشن، هەتا شوێنێكتان بۆ دەدۆزینەوە".


ئەو ئەفسەرە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، پێشتر ئامر سریەیەكی زێرەڤانی بووە، چاوەڕێی دەكرد لەو گۆڕانكارییە نوێیەدا بكرێتە ئامر فەوج، بەڵام ئێستا نێردراوەتەوە ماڵەوە، ناوبراو دەڵێت: "غەدرێكی زۆر گەورەیان لێكردم، هەموو دونیا شایەتە كە كێ‌ لە سەنگەردا بوو لە شەڕی دژی داعش".


لای خۆشیەوە لیوا سالار شێخكی، ئەندامی فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی پشتڕاستی كردەوە كە بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە نوێیە لە هەیكەلی زێرەڤانی، چەندین ئەفسەر بێ‌ پۆست بوون و وتی: "15 ساڵە ئێمە پەیڕەوی سیستمی سوپا دەكەین لە زێرەڤانیدا، بەڵام بەپێی پەیكەری نوێی زێرەڤانی، سوپا نەماوە و لیوا جێگەی گرتووەتەوە، بەو هۆیەوە چەندین ئەفسەر بەبێ‌ پۆست ماونەتەوە، ئێستا لەگەڵ وەزارەت لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی كێشەكەیان چارەسەر بكەین".


لیوا سالار هۆكاری كێشەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە پێشتر پلەیەكی زۆر دراوە بە پێشمەرگە و پێشمەرگەی بێ‌ پلە كەم بوون، بەڵام هەوڵ دەدەن كێشەی ئەو پلەادرانە چارەسەر بكەن.


هاوكات سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە بەماڵپەرەكەی راگەیاندوە، ئەو گۆڕانكاریانە سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە دەگرێتەوە، لە قۆناغی یەكەمیشدا بە فەرماندەی زێرەڤانی دەستیان پێكردووە.

 

وتیشی: "هەوڵ دەدەین هەموو هێزی پێشمەرگە یەكبخەین، چونكە ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمان زۆر جەخت لەوە دەكەنەوە كە پێویستە هێزی پێشمەرگە رێكبخرێتەوە و پێشمەرگە دووربێ‌ لە حیزبایەتی، ئێمەش پلانمان داناوە كە هێزی پێشمەرگە یەك بخەین، بۆ ئەوەی هاوكارییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەردەوام بن".
 
















زۆرترین بینراوەکان