یەكێتی لەسەر مەرجەكان بۆ بەشداریكردن لەحكومەت هاتەدەنگ


نەتەوە  |   10:18:37 2018-11-19  |   (191) جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایدەگەیەنێت، بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتووی هەرێم حزبەكەی هیچ مەرجێكی نییە و هیچ مەرجێكیش قبوڵ ناكات.
A+    A-

 

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا سەبارەت بە كۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی شاندی پارتی و یەكێتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی رایگەیاندووە، "كۆبونەوەی یەكەم بوو لەپاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بۆ ئەوە بوو ڕێگا و شوێنی پێكەوە كاركردن لەداهاتوو پێكەوە دابنێین، بۆ ئەوەبوو كە هەڵەكانی ڕابردوو دوبارە نەكەینەوە و سود لەو هەڵانە وەربگرین".


ئاماژەی بەوەشكردووە، لە كۆبوونەوەی داهاتوویاندا باس لە یەكلایی كردنەوەی كاندیدانی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە دەكەن و گفتوگۆی لەسەر دەكەن.


رەتیشیكردەوە، لە ناو یەكێتیدا ناكۆكی هەبێت لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و وتی: ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەكی نییە.


سەعدی ئەحمەد پیرە دەربارەی مەرج و داواكارییەكانی یەكێتی بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا جەختیكردەوە، "نە مەرجمان هەیە بۆ بەشداری لە حكومەت، نە مەرجیش لەكەس قبوڵ دەكەین."


لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێكی پارتی بە مەبەستی گفتوگۆكردن دەربارە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانی كرد و لە گەڵ هەر یەك لە یەكێتی و گۆڕان كۆبووەوە.


 
















زۆرترین بینراوەکان