فوئاد حوسێن: لەبارەی بودجە پێشکەوتنی باش بەدەستهاتوون


نەتەوە  |   00:47:13 2018-11-19  |   (4,941) جار خوێندراوەتەوە

پێش کۆبوونەوەکەی "رۆژی دووشەممە" لەنێوان لیژنەی دارایی پەرلەمان و حکومەت، وەزیری دارایی عێراق رایدەگەیه‌نێت، لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2019 "لە گفتوگۆکاندا پێشکەوتنی باش بەدەستهاتوون و خۆشحاڵم".
A+    A-

 

فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق لە توویتێکدا رایگەیاند "بەم دواییانە ئامادەی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ چەندین کەسایەتی بووم، لەنێویاندا سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی، وەزیرەکان، پەرلەمانتاران و شاندێک لە هەرێمی کوردستان و لایەنی دیکە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2019".


ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "لە گفتوگۆکاندا پێشکەوتنی باش بەدەستهاتوون، خۆشحاڵم بڵێم زۆر نزیکبووینەتەوە لەوەی پڕۆژەیاسای بودجە پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەین".


بڕیارە رۆژی دووشەممە ئەو لیژنە تایبەتەی، کە حکومەتی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2019 پێکیهێناوە سەردانی پەرلەمان بکات و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆببێتەوە.


هاوكات چاوەڕێدەکرێت لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەدا کە فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان سەرپەرشتی دەکەن، سەرنج و تێبینی پێکهاتەکان بنووسرێنەوە، پاشان دەبردرێتەوە ئەنجوومەنی وەزیران، لەوێ بەسەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی داخوازییەکانی تاوتوێدەکرێن و دواتر بڕیاری کۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2019 دەدرێت.


ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ سه‌رجه‌م پێکهاتەکان بە کورد و سوننە و شیعەوە ناڕازین لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2019.
 
















زۆرترین بینراوەکان