37 ملیار دینار بۆ ئەم مووچەخۆرانەی كوردستان تەرخاندەرێت


نەتەوە  |   09:57:39 2018-11-18  |   (2,309) جار خوێندراوەتەوە

ئەمینداری گشتی "وەزارەتی پێشمەرگە" رایدەگەیەنێت: هیچ رێككەوتنێك بۆ هاوتاكردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ سوپا و هێزەكانی پیادەی عێراق نەكراوە، ئەوەش دەخاتەڕوو "لە بودجەی ساڵی 2019دا، 37 ملیار دینار بۆ هێزەكانی پێشمەرگە تەرخانكراوە".
A+    A-

 

بەپێی پڕۆژەیەكی ئەندامانی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مووچەی 120 هەزار پێشمەرگە دەخرێتە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق و مانگانە مووچەیان لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە دابین دەكرێت، لەوبارەشەوە فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندوە: لە بودجەی ساڵی 2019دا، بەشێك لە بودجەی هێزەكانی پیادەی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق كە مانگانە 37 ملیار دینار دەكات، بۆ هێزەكانی پێشمەرگە تەرخانكراوە".


ناوبراو لە درێژەی لێدوانەكەی بۆ سایتی دواڕۆژی وتیشی: "ئەو پارەیە لە ساڵەكەدا دەكاتە 400 ملیار دینار، بەڵام تەنیا بەشی مووچەی 47 هەزار پێشمەرگە دەكات".


بەوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ هاوتاكردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق پێویستە رێككەوتنی سیاسی لەنێوان حكومەتی عێراق و هەرێم بكرێت، كەتائێستا هیچ هەنگاوێكی لەوجۆرە نەنراوە.


بەپێی خەمڵاندنەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ دابینكردنی مووچەی 100 هەزار پێشمەرگە، حكومەتی عێراق دەبێت لەساڵێكدا سێ تریلیۆن دینار بداتە هەرێم، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە ناردنی ئەو پارەیە بە"ئەستەم" دەزانێت.
















زۆرترین بینراوەکان