پلانی حكومه‌ت بۆ دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ئاشكرا ده‌كرێت


نەتەوە  |   17:43:34 2018-11-16  |   (6,474) جار خوێندراوەتەوە

پلانه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دانه‌وه‌ی مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ئاشكراده‌كرێت و په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتیش جه‌خت له‌سه‌ر لابردنی پاشه‌كه‌وت له ‌ساڵی نوێ و دانانی میكانیزم و شێوازی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان ده‌كاته‌وه‌.
A+    A-


عه‌باس فه‌تاح، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له ‌په‌رله‌مانی كوردستان، رایدەگه‌یەنێت: لابردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌و دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، ده‌بێته‌ ئه‌وله‌ویه‌تی تیمی یه‌كێتی له ‌حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان و گفتوگۆشمان له ‌ناوخۆی فراكسیۆن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كردووه‌.

 

لەو بارەیەشەوە بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی رایگەیاندووە: " یه‌كه‌م هه‌وڵمان بۆ لابردنی پاشه‌كه‌وت ده‌بێت و له‌ساڵی 2019 دا سێ رێگە پێشنیازكراوه‌ كه‌ به‌و جۆره‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدرێته‌وه‌".

 

جه‌ختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە یه‌كێتی به‌شێكی سه‌ره‌كیی ده‌بێت له ‌حكومه‌ت و به‌شێكیشی پارتی ده‌بێت و دەڵێت: " ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی ئاماده‌ییمان بۆ خستنه‌گه‌ڕی ئه‌و هه‌وڵانه‌ ده‌ربڕیووه‌، چونكه‌ به‌رله‌وه‌ی ده‌نگ بدرێته‌ ستافی نوێی حكومه‌ت، گفتوگۆی جدی له‌سه‌ر مووچه‌و چۆنێتی دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی له‌گه‌ڵ ئه‌نجام ده‌درێت".

 

له‌باره‌ی پێشنیازه‌كانی دانه‌وه‌ی مووچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراوی فه‌رمانبه‌رانیشەوە، ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرایكردووە كه‌ سێ پێشنیاز كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام گرنگترین پێشنیازیان ئه‌وه‌یه‌ کە دوای ئه‌وه‌ی به‌ته‌واویی سیستمی بایۆمه‌تری جێبه‌جێ ده‌كرێت،  هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ژماره‌ حسابێکی بانكیی ده‌بێت، مووچه‌كانیش ده‌خرێنه‌ سه‌ر ئەو ژماره‌ حسابییه‌.

 

 دوای ئه‌وه‌ حكومه‌ت میكانیزمێك داده‌نێت بۆ چۆنێتی راكێشانی پاره‌كه‌، چونكه‌ ‌ئێستا ره‌نگه‌ كێشه‌ی سیوله‌ هه‌بێت، بۆیه‌ رێژه‌یه‌ك بۆ فه‌رمانبه‌ر دیاریی ده‌كرێت، كه‌ له‌ساڵێكدا ده‌توانێت چه‌ند له‌سه‌ر ژماره‌ حسابییه‌كه‌ی رابكێشێت.
















زۆرترین بینراوەکان