بەفەرمی پۆلیسی سلێمانی وەڵامی پۆلیسی هەولێری دایه‌وه‌


نەتەوە  |   16:56:42 2018-11-15  |   (115) جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی، تۆمەتەكانی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لەبارەی داڵدەدانی تۆمەتباران لەشاری سلێمانی، "رەتدەكاتەوە" و باس له‌وه‌ده‌كات، ئەو قسانەی ناحەقییەكی گەورەیەو بۆ گەرمكردنی بازاڕی خۆیەتی.
A+    A-

 

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15/11/2018، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیداو عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەبەرامبەر قسەكانی عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر كە ڕایگەیاندبوو: ژمارەیەك تۆمەتبار لەسلێمانین و داڵدەدراون، جه‌ختیكرده‌وه‌، بەڕێوەبەری پۆلیسی هه‌ولێر ناحەقییەكی زۆری بەرامبەر بەهێزە ئەمنییەكانی سلێمانی كردووە.


وتیشی: دەبوو بەبۆنەی یادی دروستكردنی سلێمانییەوە پیرۆزباییان ئاراستەی شارەكە بكردایە، نەك بەو ناحەقیانە داببەزنە سەر سلێمانی، ئەمەش ڕەنگە بۆ بازاڕ گەرمكردنی خۆی بێت، ئەگەرنا هەماهەنگی لەنێوانماندا هەیە بۆ هەر تۆمەتبارێك.
هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، "ئێمە جیاوازی لەنێوان هێزە ئەمنییەكانی هیچ ناوچەو پارێزگایەك ناكەین، هەمووی لای ئێمە كوردستانە، هێزەكانی پۆلیس چەندین چالاكی ئەنجامداوەو چەندین تاوانباریش دەستگیركراون و لەهەر پارێزگایەك فەرمانی دەستگیركردنیان هەبووبێت، ڕادەستمان كردونەتەوە".


هاوكات داوای بەڵگەشی لەبەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر كردو وتی:" ئەگەر هەر ناونیشانێك یان بەڵگەیەكی لایە بۆمان بنێرێت، تا تاوانبارانیان بۆ دەستگیربكەین و ڕادەستیان بكەینەوە".


ئاشكراشیكرد، لەشاری سلێمانی خەڵك هەبووە تاوانی ئەنجامداوە، چۆتە شارەكانی هەولێرو پارێزگاكانی دیكەی عیراق، بەئامارو داتا ناومان لایەو ڕەنگە بەشێكیشیان لەهەولێر داڵدەدرابن".


ڕەتیشیكردەوە، هیچ تاوانبارێك لەلایەن بەرپرسانی سلێمانییەوە داڵدەدرابێت و وتی:" دوور لەعەقڵی حزبی و دەیانجار هاوكاری پۆلیسی هەولێرمان كردووەو خەڵكمان بۆ ناردونەتەوە،  سەیرم لێدێت بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەو شارە ئەو قسەیەی كرد، لەكاتێكدا یەك نوسراو نەهاتووە داوای تاوانبار بكات تا ڕادەستیان بكەینەوە.


لەبارەی ئەو تۆمەتەش گوایە 14 تۆمەتبار لە سلێمانی داڵدە دراون، عەمید ئاسۆ شێخ تەها وتی: ئەگەر لەسلێمانی 14 تۆمەتبار هەیە، ئەوا لەهەولێر 114 كەس هەیە كە لەسلێمانی تاوانیان كردوەو بەرەو ئەو شارە هەڵاتوون، لەكۆی فەرمانی گرتنی 749 كەسیش لەم سنورە، تائێستا تەنها 39 كەسی نادیارە، ئەگەرنا سەرجەمیان دەستگیركراون".
 
















زۆرترین بینراوەکان