بۆ پێداچوونەوە بە رسووماتی هاتوچۆ پڕۆژەیەك پێشكەش كراوە


نەتەوە  |   08:19:57 2018-11-14  |   (1,397) جار خوێندراوەتەوە

بۆ "مامەڵەی هاتوچۆ"، چەند جۆرە رسووماتێك لە شۆفێران وەردەگیرێت، بەرپرسێكی هاتوچۆش ئاشكرای دەكات، پرۆژەیەك پێشكەش كراوە بۆ پێداچوونەوەی ئەو رسووماتانەی مامەڵەی شۆفێران.
A+    A-

 

بەپێی لیستی نرخی مامەڵەکانی هاتوچۆ: بۆ دەركردنی ساڵیانه یان مۆڵەتی ماتۆڕسكیل 21 هەزار دینارە، بۆ دەركردنی مۆڵەتی شۆفێری 40 هەزار دینارە، بەڵام بۆ مۆڵەتی شۆفێریی تایبەت 42 هەزار دینارە، بۆ ساڵیانەی بارهەڵگر 56 هەزار دینارە، بە هەمان شێوە بۆ ئۆتۆمبێلی كشتوكاڵییش 56 هەزار دینارە، بۆ گواستنەوەی خاوەنداریەتی 105 هەزار دینارە، بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری و ونبوونی مۆڵەتی ساڵیانەش 40 هەزار دینارە.


ئەگەر یەكێك مۆڵەت یان ساڵیانە بۆ جاری دووەم ون بكات 100 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، بەڵام بۆ جاری سێیەم دەبێتـە 150 هەزار دینار.


بۆ ونبوون یان تێكچوونی تابلۆ بۆ یەكەم جار 100 هەزار دینارە، بۆ جاری دووەم 150 هەزار دینارە، ئەگەر زیاتر بێت دەبێتـە 250 هەزار دینار.


ئەگەر یەكێك تابلۆی تازە كە ناسراوە بە ئەڵمانی ببەستێت، ئەوە 50 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت.


بۆ رسووماتی بەكارهێنانی شەقام ساڵانە بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت 10 هەزار دینار و بۆ گشتیش 20 هەزار دینارە، بۆ بارهەڵگریش 50 هەزار دینارە، بۆ پیسكردنی ژینگەش 5 هەزار تا 75 هەزار دینار بەپێی جۆری ئۆتۆمبێل وەردەگیرێت.


له‌وباره‌شه‌وه‌ زاهیر محەمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە له‌ لێدوانێكدا بۆ هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی رایگەیاندوه‌، ئەو رسووماتانە لە مامەڵەكانی هاتوچۆ كاریان پێ دەكرێت.


روونیشیكردۆته‌وه‌، بە فەرمی نووسراویان داوەتە وەزیری ناوخۆ بۆ پێداچوونەوە بەو رسووماتانە، "پڕۆژەم داوەتە وەزیری ناوخۆ، ئەویش نووسراوی پێ كردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ، ئەوان كاری لەسەر دەكەن"، جەختیشیكردەوە، لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆدایە بڕی رسووماتەكان كەم بكاتەوە.


لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار كەس مۆڵەتی شۆفێرییان لە لایەن هاتوچۆی هەرێم پێدراوە.
 
















زۆرترین بینراوەکان