چەند مەرجێكی پارتی بۆ بەشداری پێكردنی لایەنەكان لە حكومەت ئاشكرا دەبێت


نەتەوە  |   10:20:52 2018-11-12  |   (328) جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێكی باڵای پارتی ئاشكرایدەكات، حزبەكەی "بە چەند مەرجێك بەشداری بەلایەنەكان دەكات لە حكومەتدا و هەر لایەنێكی بەڵێنی تەواوەتی لەو بارەیەوە نەدات بەشداری پێناكرێت"، دەشڵێت، دەستەیەكیان بۆ سەردانی لایەنەكان پێكهێناوە.
A+    A-

 

عارف تەیفور، بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بۆ رادیۆ دەنگی ئەمریكای ڕایگەیاندووە، "پارتی دەستەیەكی پێكهێناوە و سەردانی لایەنە سیاسیەكان دەكات و ئەو دەستەیە لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان  گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان دەكات".


ناوبراو دەربارەی بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، ڕایگەیاندووە، "بەرنامەی كاركردنمان ئەمجارە ئەوەیە ئەوەی بێتە پێشەوە ئەمجارە هێڵی سورمان لەسەر كەس نیە هەموو لایەنەكان دەتوانن بێن لەگەڵمان بەشداری حكومەت بكەن، بەڵام ئێمە بۆ ئەمە مەرجمان هەیە، كەنابێت بێنە ناو حكومەت كەتوشی قەیرانێك شەڕێك ناخۆشیەك بین بەجێمان بهێڵن و لەحكومەت بكشێنەوە، بینیمان ئەمجارە یەكگرتووی ئیسلامی چەند مانگێكی كەمی مابوو كە لەحكومەت كشایەوە، ئێـمە ئەمجارە ئەوەمان قبوڵ نیە".


دەربارەی ئەوەی ئایا ئەو مەرجەشیان بۆ یەكێتی دەبێت؟ عارف تەیفور بە دەنگی ئەمریكای وتووە " بڕواناكەین یەكێتی بەجێمان بهێڵن، یەكێتی شان بەشانی پێشمەرگەكانی پارتی قورسترین شەڕیان كرد كەشەڕی داعش بوو".


عارف تەیفور سەبارەت بەشێوازی وەرگرتنی ئەو بەڵێنە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەنەكان، وتوویەتی "من ئێستا نازانم شێوازی وەرگرتنی ئەو بەڵێنە لە لایەنەكان چۆن دەبێت، بەڵام دەبێت بەجدی ئەو بەڵێنە لەلایەنەكان وەربگیرێت وە پابەندیش بن پێوەی."


جەختیشیكردۆتەوە "هەر لایەنێك نوێنەری دەبێت لەحكومەت پەرلەمانتارەكانیان دەتوانن لەڕێگای نوێنەرەكانیان هەرچی بوو بیگەیەنن بە حكومەت نەك پەرلەمان بكەنە مینبەری ئۆپۆزسیۆن و داوای ڕووخانی ئەو حكومەتە بكەن، كە ئێمە پێكمان هێناوە."

 

ناوبراو سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕانیش وتوویەتی " ئێـمە تا ئێستا گفتوگۆكانمان لەگەڵ گۆڕان نەكردووە، بەڵام ئەو مەرجانەشمان بۆ ئەوان هەیە ئەگەر قبوڵیان كرد ئێـمە زۆر حەزدەكەین بەشداری حكومەت بكەن".
 
















زۆرترین بینراوەکان