به‌غدا ملیاران دیناری قه‌رزی رابردووی هه‌رێم دەگەڕێنێتەوە


نەتەوە  |   17:53:46 2018-10-23  |   (7,929) جار خوێندراوەتەوە

به‌رپرسێكی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: "به‌غدا 268 ملیار دیناری پاره‌ی‌ گه‌نمی جووتیاران ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ شایسته‌ی‌ دارایی جووتیاران بۆ سێ ساڵی‌ رابردوو و جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌ری‌ جوتیاران و یه‌كێتیی جوتیارانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه"‌.
A+    A-


نه‌وزاد ئه‌دهه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ بازرگانی‌ هه‌رێم رایگه‌یاندووە: له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا نووسراوێكیان بۆ حكومه‌تی‌ عیراق ناردووه‌و تیایدا داواكراوە چاره‌نووسی پاره‌ی‌ گه‌نمی جوتیاران بۆساڵانی‌ 2014-2015-2016 یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، به‌ڵام دواتر به‌غدا به‌نووسراوێك وهڵامیان داونه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا جه‌ختیان له ‌نووسراوێكی‌ پێشتری خۆیان كردووەتەوە‌ كه ‌هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌دا نه‌كراوه‌ كه‌ پێشتر بۆ جووتیارانی‌ هه‌رێم دیاریكراوه‌.

 

ناوبراو لەو لێدوانەیدا بۆ ئێس ئێن ئێن ئەوەشی روونكرد‌ووەتەوە‌ کە به‌گوێره‌ی‌ نووسراوه‌كه‌ی‌ به‌غدا داوایان له ‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌ 268 ملیار دیناریان بۆ ره‌وانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تایبه‌ته‌ به ‌پاره‌ی‌ گه‌نمی جووتیاران بۆ سێ ساڵی‌ رابردوو، به‌ڵام له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ 278 ملیار دینار ده‌بڕدرێت كه‌ ده‌كاته‌  5% ی شایسته‌ی‌ ئه‌و جووتیارانەو 49% شایسته‌كه‌یان بۆ خه‌رج ده‌كرێت.

 

ناوبراو هەروەها دەڵێت:  له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری‌ جووتیاران و یه‌كێتی‌ جووتیاراندا کردووە، به‌ڵام ئه‌وان وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پاره‌یه‌یان ره‌تكردۆته‌وه‌و سووربوونی‌ خۆیان دووپاتكردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێویسته‌ ته‌واوی پاره‌كه‌یان بۆ ره‌وانه‌ بكرێت كه‌"زیاتر له‌ 554 ملیار دیناره‌، به‌ڵام  به‌غدا ئاماده‌ نییه‌ ته‌واوی ئه‌و پاره‌یه‌ ره‌وانه‌ بكات".

 

هەروەک دەڵێت: شایسته‌ی‌ دارایی جووتیاران بۆ ته‌واوی‌ پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشوری‌ عیراق خه‌رجكراوه‌، ته‌نها ئه‌و ستەمە له ‌جووتیارانی‌ هه‌رێم كراوه‌و هه‌ر بۆیه‌ ئومێد ده‌كه‌ین دوای‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تی‌ نوێ، به‌غدا هه‌ڵویستی دیكه‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێم له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی جوتیاران بنووێنێت.
















زۆرترین بینراوەکان