حزبێكی هەرێم: ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هاوشێوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی سەردەمی سەدام حسێنە


نەتەوە  |   13:04:42 2018-10-21  |   (264) جار خوێندراوەتەوە

نەتەوە "نەوەی نوێ ڕایدەگەیەنێت، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هاوشێوەی ئەنجامەكانی سەردەمی سەدام حسێنە و چەندە دەنگەكانی سەدام حسێن لە هەڵبژاردنەكانی پێشتر ڕاستبوون دەنگەكانی پارتی و یەكێتیش هەر ئەوەندە ڕاستن.
A+    A-

 

ئەمڕۆ ٢١ی تشرینی یەكەم، جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕاگەیەندراوێكی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بڵاوكردەوە، كە تێیدا هاتووە، "ئەم ئەنجامە گاڵتەجاڕییە راگەیاندراوانە، كە پارتی ٤٥ كورسی و یەكێتیی ٢١ كورسی-یان ھێناوە، ھەڵبژاردنە گاڵتەجاڕییەكەی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠٠٢ی عێراقمان بیردەخاتەوە، كە ١٠٠% دەنگدەرانی عێراق بەشدارییان تێدا كرد و سەدام حسێنیش رێژەی ١٠٠%ی دەنگەكانی بەدەستھێنا، بەڵام دوای كەمتر لە ساڵێك كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی ھێنرا.

بۆیە، چەندە دەنگەكانی ئەوكاتی سەدام حسێن راست بوون، دەنگەكانی ئێستای پارتی و یەكێتیی و ژمارەی كورسییەكانیشیان، بە ھەمان ئەندازە راستن".


 لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، "ئێمە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەم ئەنجامانە رەتدەكەینەوە و بە بەشێك لەو مەھزەلەیەی دەزانین كە ٢٧ ساڵە جوت حزبی دەسەڵات لە ھەرێمی كوردستان دا، بۆ سوكایەتیكردن و ساختەكردنی دەنگی راستەقینەی ھاونیشتمانیانی ھەرێمی كوردستان ئەنجامیدەدەن".


جوڵانەوەی نەوەی نوێ جەختیشیكردۆتەوە، "بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم دۆخە گاڵتەجاڕییە، كە پارتی و یەكێتیی دروستیان كردوە، داوا لە لایەنەكانی دەرەوەی ئەو دوو حزبە دەكەین، گوتاری سیاسییمان یەكخەین بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم دۆخە و رێگریكردن لەم سوكایەتییەی ٢٧ ساڵە بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان و دامەزراوە دەوڵەتییەكان و سادەترین بنەمای دیموكراسی دەكرێن و بۆ ئەمەش لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی، ئەم سێ رێگاچارەیان لەبەردەمدایە:
١- كشانەوە لە پڕۆسەی كاری پارلەمانیی و دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی سیاسیی ھاوبەش بۆ كۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی جوت بنەماڵە لە ھەرێمی كوردستان دا.

 

٢- دروستكردنی بەرەیەكی بەھێزی ئۆپۆزسیۆن لەناو كوردستان و دەرەوەی كوردستان و تەنانەت لەناو پەرلەمانی كوردستان دا، بۆ خۆئامادەكردن بۆ چوار ساڵی داھاتوو و دروستكردنی بەرەیەكی جەماوەریی بەھێز لەدژی ساختەكاریی و تاوانەكانی دەسەڵات لە ھەرێمی كوردستان دا.


٣- پەرتەوازەیی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی و شەریكایەتیكردنی ئەو ساختەكاریی و تاوانانەی بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان كردویانە، كە بەمەش دەبنەوە بەشێك لەم دەسەڵاتە و درێژەدان بەو تاوان و ناھەقییانەی بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان دەكرێن".


هێما بۆ ئەوەشكراوە، "ھەر شەریكایەتیكردنێكی دەسەڵات لەگەڵ پارتی و  یەكێتیی دا رەتدەكەینەوە و ئامادەی كاری ھاوبەشین لەگەڵ ئەو ھێزانەی دەرەوەی دەسەڵات دا، چ بۆ كشانەوە بێت لە پەرلەمان، یان بۆ دروستكردنی كاری ھاوبەش لەدژی دوو حزبی دەسەڵات".


لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "هیوادارین بە زووترین كات هێزەكانی گۆڕان، كۆمەڵ ، یەكگرتوو هەنگاو بنێن بۆ دروستكردنی ئەم بەرەیە و روبەروبونەوەی پارتی و یەكێتی".
















زۆرترین بینراوەکان