یەكێتیی هۆكاری‌ قبوڵكردنی‌ ئەنجامی‌ هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی‌ كوردستانی‌ ئاشكراكرد 


نەتەوە  |   11:32:37 2018-10-21  |   (468) جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتیمانی‌ كوردستان هۆكاری‌ "قبوڵكردنی‌ ئەنجامی‌ هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی‌ كوردستانی‌" ئاشكراكرد، وتەبێژی‌ یەكێتیش ڕایدەگەیەنێت، "سەرباری‌ ڕەخنەو تێبینیەكی‌ زۆری‌ یەكێتیی لەسەر كۆی‌ پرۆسەكە، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی‌ هاوڵاتیان ئەنجامەكانمان قبوڵكرد، چونكە نامانەوێت ژیانی‌ خەڵك تێكبدەین"، دەشڵێت:"یەكێتیی لەسبەینێوە دەرگای‌ گفتوگۆی‌ واڵا دەكات بۆ لایەنەكان".
A+    A-

 

ئەمڕۆ یەكشەممە 21/‌ 10/‌ 2018 سەعدی‌ ئەحمەد پیرە، وتەبێژی‌ یەكێتیی لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا لەشاری‌ هەولێر ئاشكرایكرد، "ئێمە وەكو یەكێتیی سەرباری‌ تێبینی‌ و ڕەخنەیەكی‌ زۆرمان لەكۆی‌ پرۆسەی‌ هەڵبژاردن لەهەرێم، بەڵام بۆ بەرژەوەندی‌ هاوڵاتیان واژۆمان كرد، چونكە نامانەوێت ژیانی‌ خەڵك تێكبدەین".


ناوبراو وتیشی‌:"هەمولایەكمان لەسەر ئەنجامەكەو لەسەر یەكتریش تێبینی‌ زۆرمان هەیە، بەڵام ڕاستیەكیش هەیە دەبێت لەبەرچاوی‌ بگرین، ئەویش بریتیە لەوەی‌ ناتوانین چاوەڕێی‌ موعجیزە بكەین و كێشەكان لەخۆیانەوە چارەسەربن، ئێستاش دوای‌ هەڵبژاردن هەرچی‌ بوترێت باش نییەو زیان بەهاوڵاتیان دەگەیەنێت، یەكێتیی ئەمەی‌ لەبەرچاو گرتوە بۆیە واژۆمان كردوە".


جەختیشیكردەوە، "ئەگەر كەموكوڕی‌ هەیە پێویستە هەموان ڕێكبكەوین و ژیانی‌ خەڵك لەبەرچاو بگرین و دواتر كێشەو كەموكوڕیەكان لەكۆمسیۆن چارەسەربكرێن بۆ خولەكانی‌ داهاتوو نەك كوردستان زیاتر نوقمی‌ كێشە بكرێت".


سەعدی‌ پیرە ئاماژەی‌ بەدانوستانی‌ لایەنەكانیش كردو دووپاتیكردەوە، "بۆ زوو تێپەڕاندنی‌ ئەم دۆخەی‌ لەكوردستان دروستبوە، لەسبەینێوە یەكێتیی دەرگای‌ كراوە دەبێت بۆ گفتوگۆ لەسەر كابینەی‌ نوێی‌ حكومەتی‌ هەرێم لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان".


هێمای بۆ ئەوەشكرد، هیوادارین كەموكوڕیەكانی‌ كابینەكانی‌ ڕابردوو لەكابینەی‌ نوێدا چارەسەر بكرێت و حكومەتی‌ نوێ‌ هەوڵبدات بۆ ئارامی‌ و هەلی‌ كارو خزمەتگوزاری‌ بۆ هاوڵاتیان، بەڵێنیش دەدەین یەكێتیی وەكو هێزێكی‌ ئەساسی‌ لەكوردستان چی‌ لەتواناو هەگبەیدا هەبێت هەوڵی‌ بۆ دەدەین".


وتەبێژی یەكێتی لەبارەی‌ ناكۆكیەكانیش لەگەڵ پارتی‌ وتی: "یەكێتیی بیروڕای‌ جیاوازی‌ لەگەڵ پارتی‌ هەیەو هەبوە، بەڵام ئەمە مانای‌ ئەوەنییە ئێمە دۆستایەتی‌ یەكتریش نەكەین، بیرتان نەچێت ئێمە پێكەوە شەڕی‌ داعشمان پێكەوە كردو پێكەوە قەیرانمان تێپەڕاندو پێكیشەوە بەردەوامدەبین، ئیدارەی‌ هەرێمیش بەپلەی‌ یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی‌ ئێمەو پارتی‌".
















زۆرترین بینراوەکان