ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌


نەتەوە  |   20:15:33 2018-10-18  |   (375) جار خوێندراوەتەوە

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هەرێم راگەیه‌ندراوێکی لەبارەی "دەستگیرکردنی گرووپێکی دزین و به‌قاچاخبردنی نه‌وت" بڵاوکردەوە.
A+    A-

 

لە راگەیه‌ندراوێکدا ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویكردۆته‌وه‌، "به‌پێی بڕیاری دادوه‌ر، له‌ ئۆپه‌راسیۆنێکی ده‌زگا ئه‌منییه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گشتی، گرووپێکی دزین و به‌ قاچاخبردنی نه‌وت ده‌ستگیرکرا، که‌ پێکهاتووه له‌ چوار هاووڵاتی و دوو کارمه‌ندی ئاسایش". 


دەقی راگەیێندراوی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان:

له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌کانی جێبه‌جێکردنی یاسا، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و نه‌هێشتنی ده‌ستێوه‌ردان له‌ موڵکی گشتی. به‌پێی بڕیاری دادوه‌ر، له‌ ئۆپه‌راسیۆنێکی ده‌زگا ئه‌منییه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گشتی، گرووپێکی دزین و به‌ قاچاخبردنی نه‌وت ده‌ستگیرکرا، که‌ پێکهاتووه له‌ چوار هاوڵاتی و دوو کارمه‌ندی ئاسایش. 

ده‌ستگیرکراوان به‌پێی رێوشوێنه‌ یاساییه‌کان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت و دوای ته‌واوبوونی لێکۆڵینه‌وه‌کانیش، له‌لایه‌ن دادگاوه‌ دۆسیه‌کانیان یه‌کلاده‌کرێته‌وه‌.

ئێمه له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان، هه‌موو لایه‌ک دڵنیاده‌که‌ینه‌وه، له‌پێناو سه‌روه‌ری یاسا، ئه‌رک و شه‌ونخوونی ده‌زگاکانمان به‌رده‌وام ده‌بێت  و رێگه‌ناده‌ین ده‌ستدرێژی بکرێته‌ سه‌ر موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان، هه‌ر که‌س و لایه‌نێکیش یاساشکێنی بکات، رووبه‌ڕووی دادگا ده‌کرێته‌وه‌ و سزای یاسایی خۆی وه‌رده‌گرێت.

پێویسته ده‌زگا ئه‌منییه‌کان له‌ پارێزگا و ناوچه‌ جیاجیاکانی دیکه‌ی هه‌رێمی کوردستان‌، جێبه‌جێکاری یاسابن و به‌هه‌مانشێوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رێگر و یاساشکێنه‌کان بکه‌ن و داڵده‌ی قاچاخچی و گه‌نده‌ڵکاران نه‌درێت.

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان  
18ی ئۆکتۆبه‌ری 2018
 
















زۆرترین بینراوەکان