سیستمی‌ پاشەكەوت لەسەر موچەی‌ مامۆستایان و فەرمانبەران هەڵدەگیرێت


نەتەوە  |   11:47:58 2018-10-17  |   (9,613) جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی‌ مامۆستایان ڕونكردنەوە لەبارەی‌ لابردنی‌ سیستمی‌ پاشەكەوت لەسەر موچەی‌ مامۆستایان دەدات، جێگری‌ سەرۆكی‌ ڕێكخراوەكەش جەختلەوەدەكاتەوە، بەگوێرەی‌ ئەو زانیاریانەی‌ بەدەستمانگەیشتوە چاوەڕواندەكرێت لەدوای‌ پێكهێنانی كابینەی‌ نوێی حكومەتی‌ هەرێم سیستمی‌ پاشەكەوت لەسەر موچەی‌ مامۆستایان و فەرمانبەران هەڵبگیرێت.
A+    A-

 

مامۆستا عەتا ئەحمەد جێگری‌ سەرۆكی‌ یەكێتیی‌ مامۆستایان ڕایگەیاند، "لەدوا كۆبونەوەی‌ مەكتەبی تەنفیزی یەكێتیی‌ مامۆستایاندا چەند پێشنیازێك لەبارەی‌ باشكردنی‌ سێكتەری تەندروستی‌ گەڵاڵەكراون كە پێشنیازی هەر 12 لقەكە بون لەسەرو هەموشیانەوە هەڵگرتنی‌ سیستمی‌ پاشەكەوت لەسەر موچە، كە لەئێستادا دۆخی‌ حكومەت بەراورد بەپێشتر باشترە".


ناوبراو لە درێژەی لێدوانەكەی بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن وتیشی‌:"تائێستا چەندجارێك بەڵێندراوە سیستمی‌ پاشەكەوت لەسەر موچەی‌ مامۆستایان لادەبرێت، بەڵام هیچ وادەیەك دیارینەكراوەو ئەوەی‌ كە باسیشی لێوە دەكرێت سەبارەت بەكۆتاییهێنان بەو سیستمە لەوەرزی دووەمی‌ ئەمساڵی خوێندندا، تەنها بەڵێنەو هیچ وادەیەك دیارینەكراوە".


ئەوەشی خستەڕوو، "چاوەڕواندەكرێت لەدوای‌ پێكهێنانی‌ كابینەی‌ نۆیەمی حكومەتی‌ هەرێم، كە دۆخی‌ دارایی حكومەت باشترە، كۆتایی بەسیستمی‌ پاشەكەوتی‌ موچە بهێندرێت".


دووپاتیشیكردەوە، "ئێمە كار لەسەر ئەو ئاراستەیە دەكەین پێویستە دوای‌ ئەو هەنگاوەش ڕاستەوخۆ ژمارەی‌ حساب بانكی‌ تایبەت بەمامۆستایان و موچەخۆران دروستبكرێت و زانیاریان لەسەر موچە پاشەكەوتكراوەكانیان هەبێت".
 
















زۆرترین بینراوەکان