سەرۆك كۆماری عێراق داوای كاراكردنەوەی ئه‌م یاسایانه‌ دەكات 


نەتەوە  |   13:56:29 2018-10-16  |   (1,772) جار خوێندراوەتەوە

سەرۆك كۆمار داوا دەكات ئەو یاسا "پەكخراوانە" كارابكرێن، كە پشتگیریی لامەركەزیی و دەستكراوەیی دەسەڵات و بەشە بودجەی پارێزگاكان دەكەن.
A+    A-

 

‎بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك كۆمار كە وێنەیەكی  ده‌ست (نه‌ته‌وه‌) كه‌وتووه‌، بەرهەم ساڵح داوای كاراكردنی ئەو یاسا و بڕیارە پەكخراوانەی كرد كە پشتگیریی لامەركەزیی كارگێڕیی لەعێراق و دەستكرانەوەی دەسەڵاتی بەشەبودجەی پارێزگاكان دەكەن، گرنگیی گەشەپێدانی گەشتوگوزار و گەشتیاریی شوێنەوارەكانی لە پارێزگای زیقار و هەموو عێراق بەگشتیی دووپاتكردەوە.


له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ڕۆژی دووشەممە ٢٠١٨/١٠/١٥ لە میانەی پێشوازییكردنی لە وەفدێكی پارێزگای زیقار بە سەرۆكایەتیی یەحیا محەمەد باقر ئەلناسریی پارێزگار بە هاوڕێیەتی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی زیقار و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكانی پارێزگاكە، كە هاتبوون بۆ پیرۆزباییكردن بە بۆنەی وەرگرتنی ئەركەكانی سەرۆكایەتیی كۆمار. هەروەها پارێزگار بەرهەم ساڵحیان بانگهێشت كرد بۆ سەردانی پارێزگاكەیان بە زوترین كات، دوپاتیكردەوە پارێزگای زیقار سەرچاوەی سەرەكیی دەرامەتەكانی عێراقە، ستایشی رۆڵی درەوشاوەی رۆڵەكانی پارێزگاكەی كرد لە دەوڵەمەندكردنی شارستانیی عێراق و ناوچەكە بە درێژایی سەردەمەكان.


لەو دیدارەدا كە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا بەڕێوەچووه‌، سەرۆك كۆمار لە وتەكانیدا دوپاتیكردەوە كە بە شەخسیی و بەبایەخەوە بەدواداچون دەكات بۆ كاركردنی جدیی لە پێناوی گەشەپێدانی پارێزگاكانی عێراق، بە نیازیشە هاریكاریی باشی حكومەتی نوێ بكات لەم روەوە.


هێمای بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، پێویستە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە سامانەكانی وڵات دابەشبكرێت بەسەر هەموو ناوچەكاندا و گرنگی بدرێت بە گەشەپێدانیان لەروی ئابوریی و ئەمنییەوە بێ جیاوازیی، رونیشیكردەوە لە داهاتودا بە خۆشحاڵیەوە سەردانی زیقار دەكات.


جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌، چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبا و ئاو و نیشتەجێكردن و نەهێشتنی بێكاریی و بونیادنانی خوێندنگاكان و دابینكردنی میلاكی ئاسایش لە ریزی پێشەوەی كارەكانە لە ماوەیەكی دیاریكراودا، دوپاتیشیكردەوە نەهێشتنی ئەو رێژە بەرزەی بێكاریی كە لە ناو گەنجاندا هەیە پێویستی بە پرۆژەی ستراتیژییە هەیە، كە بە رەهەند و مەودای فراوانتر گەورە بكرێت، پاشان دەبێت لەڕوی جوگرافیی و ژمارەی دانیشتوان لێك بدرێتەوە و ئەژمار بكرێت.


سەرۆك كۆمار لە بەشێكی تری وتەكانیدا بەگرنگیەوە باسی له‌وه‌كردووه‌، كە بایەخ دەدات بە پێشكەشكردنی پرۆژەی ئەو یاسایانەی گەشەكردنی راستەقینەی پارێزگاكان كارا و خێراتر دەكەن، لەوروەشەوە یاسای شارە پیشەسازییەكان و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی نێوان حكومەتە نێوخۆییەكان و دەسەڵاتی فیدراڵیی بەبیر هێنایەوە، هەروەها گرنگیی نوێنەرایەتیكردنی پارێزگاكانیشی لە ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو.


به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، به‌رهه‌م ساڵح "به‌ پەرۆشێكی زۆرەوە نوێنەرانی پارێزگاكانی لەئەنجومەنی نوێنەرایەتییەكان و لێپرسراوانی فەرمانگەی پارێزگاكانی بانگهێشت كرد بۆ هاریكاریی و دەست لەناو دەستكردنی یەكتر لە پێناوی كاراكردنی پرۆژە راگیراوەكان و دانانی پلانی ستراتیژیی بۆ گەشە پێدانی گەشتوگوزار و گەشتیاریی شوێنەوارەكان و چاككردنی زەوی و زارە كشتوكاڵییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی ئاو و مەترسی بە بیابان بون، هاوكات ئاماژەیكرد بۆ گرنگیی ئامادەسازیی خێرا و بەپەلە بۆ فڕۆكەخانەی پارێزگاكە و دروستكردنی پاڵاوگەی زیقار.
 
















زۆرترین بینراوەکان