ئەمریکا داوایه‌ك ئاراسته‌ی هه‌رێم ده‌كات


نەتەوە  |   10:43:29 2018-10-16  |   (768) جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەکەی سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێم و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راگەیه‌ندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، ئەمریکا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێم دووپاتکردووەتەوە، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی حكومه‌تی هه‌رێمیش، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای به‌رده‌وامی گفتوگۆكانی هه‌ولێر ـ به‌غدای كردووە.
A+    A-

 

لە راگەیه‌ندراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویكردۆته‌وه‌، ''رۆژی 15ـی تشرینی یەکەم، جۆن سولیڤان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە یاوەری دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە".


 ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەبۆنەی بەڕێووەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها سەرکردایەتی بەردەوامیان لە کەمپەینی شەڕی داعش پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە.


لە بەشێکی دیکەی راگەیه‌ندراوەکەدا هاتووه‌، "سولیڤان، جێگری وەزیری دەرەوە پشتیوانی ئەمریکای بۆ هەرێم وەک بەشێک لە عێراقێکی یەکگرتوو دووپاتکردووەتەوە و داوای هەبوونی پەیوەندییەکی بەردەوامی لەنێوان هەولێر و بەغدا کردووە لەسەر پرسە گرنگەکان، لە نێویاندا هاوئاهەنگی ئاسایش و ئابووری".


هاوكات لە راگەیه‌ندراوی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم لەبارەی کۆبوونەوەکە هاتووە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای به‌رده‌وامیی گفتوگۆكانی هه‌ولێر ـ به‌غدای كردووە بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و هاریكاریی ئه‌منی و ئابووری و هیوای خواستووە هه‌موو سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان كاربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا و به‌پێی ده‌ستوور، حكومه‌تی تازه‌ی عێراق ده‌ستبه‌كارببێت.


لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكای بۆ هه‌رێمی كوردستان كردووە، هاوکات پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان، پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ شاندی ئەمریکا باسکردووە.
















زۆرترین بینراوەکان