بڕیارێكی نوێ لەبارەی موچەی پێشمەرگەوە دەدرێت


نەتەوە  |   08:33:08 2018-10-16  |   (4,067) جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی بەنیازە موچەی" وەزارەتی پێشمەرگە" لەڕێگەی بانكەوە دابەش بكات، ئەندامی بۆردی سەرپەرشتیاری چاكسازی لەوەزارەتی پێشمەرگەش رایدەگەیەنێت: سەرەتا لەدیوانی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەستپێدەكرێت، پاشان لیواكان و یەكەكانی 70 و 80 موچەیان دەخرێتەسەر بانك.
A+    A-

 

یەكێك لەخاڵەكانی پڕۆژە چاكسازییەكەی وەزارەتی پێشمەرگە، بریتییە لە دابەشكردنی موچەی وەزارەتەكە لەڕێگەی بانكەوە، لەئێستاشدا بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ئەو وەزارەتە، چەند هەنگاوێكی بۆ ئەو مەبەستە بڕیوە.


لیوا بەختیار حەمە سدیق، راوێژكار لەوەزارەتی پێشمەرگەو ئەندامی بۆردی سەرپەرشتیاری چاكسازیی لەو وەزارەتە، رایگەیاند: تیمەكانی چاكسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و نوێنەرانی بانكە حكومییەكان، كۆبوونەوەمان كردووە، بۆئەوەی بزانین تاچەند بانكە حكومییەكان ئامادەن سیستمی پێدانی موچەی وەزارەتی پێشمەرگە لەڕێگەی بانكەوە جێبەجێ بكەن.


ناوبراو وتیشی: "جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بەچەند قۆناغێك دەبێت، سەرەتا ژمارە حسابی بۆ فەرمانبەرانی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێتەوە، بۆئەوەی موچە لەبانكەوە وەربگرن، پاشان لیوا هاوبەشەكان و دواتریش بۆ یەكەكانی 70 و 80 جێبەجێ دەكرێت".


ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆژەكە ئامانجە سەرەكییەكە دەپێكێت، كە نەهێشتنی گەندەڵییە لەدابەشكردنی موچەدا، چونكە چیتر كەسێك ناتوانێت موچەی چەند كەسێك وەربگرێت.


بەختیار حەمە سدیق له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، دەبێت لەسەرەتای ساڵی داهاتوو، یان پێشتر دەست بەجێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە بكرێت، ئەگەر هیچ رێگرییەك نەیەتەپێشەوە.
 
















زۆرترین بینراوەکان