ماوه‌ی 6 رۆژە بێسەروشوێنە


نەتەوە  |   10:54:23 2018-10-15  |   (5,280) جار خوێندراوەتەوە

نەجلا جەلال، کچێکی تەمەن 16 ساڵانە و "کوردی ئێزدییە"، ماوەی 6 رۆژە دیار نەماوە و هیچ سۆراخێکی نییە. 
A+    A-

 

نەجلا کە خوێندکاری پۆلی 10ی ئامادەیی بوو، شەوی 9/10/2018 لە كەمپی ئیسیانی سەر بە قەزای شێخان ناسنامە و کەلوپەلەکانی خۆی پێچاوەتەوە و رۆیشتووە، ئەوە 6 رۆژە کەسوکارەکەی بەدوایدا دەگەڕێن و نەیاندۆزیوەتەوە.  


جەلال دەخیل، باوكی نەجلا، کاتێک ناوی کچەکەی دێت دەست دەکات بەگریان و بە دڵی پڕەوە باسی کچەکەی دەکات و دەڵێت: " ئێمە لە نێوان كەمپی ئیسیان و شنگال دەژیاین، بەڵام چووینەوە بۆ شنگال بۆ ئەوەی منداڵەكانمان خوێندنەكەیان تەواو بكەن. دوای ئەوەی نەجلا بووە پۆلی 10ی ئامادەیی، گوتی دەچمە ماڵی مامم بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندنەکەی بدات. ئەو دەڵێت: "كچەكەم تاقانەی 6 برایە و زۆرمان خۆشدەوێت، بە ژیانی دڵمان نەشكاندووە، یان قسەیەكی ناشیرینمان پێنەگوتووە، نازمان هەڵگرتووە، كە گوتیشی دەچم بۆ ماڵی مامم رێگەم دا بچێت".


ناوبراو وتیشی: "نەجلا کێشەی نەبوو، نازانم چۆن ئەمە روویداوە، نازانم چۆن کاتژمێر 12ی شەو بەبێ ئەوەی کەس بزانێت و ئاگاداربێت رۆیشتووە، ئەوە نزیکەی یەک هەفتەیە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین، دایکی لە خەفەتی ئەو تەندروستی تێکچووە".


هەر لەوبارەوە فەیسەڵ دەخیل، مامی نەجلا، کە ئەو كچە شەو لە ماڵی ئەوان رۆیشتووە و نەگەڕاوەتەوە، بەسایتی رووداوی راگه‌یاندووه‌، "نەجلا هات بۆ لامان وتی ئەمساڵ لای ئێوە خوێندنەكەم تەواو دەكەم، ئێمەش دڵمان پێخۆشبوو، چونكە نەجلا كچێكی ژیرو زیرەك بوو، ئەو شەوە هەموومان بەیەكەوە نانی ئێوارەمان خوارد، بەیەكەوە كۆبووینەوە، نەجلا زۆر ئاسایی بوو، هەستمان نەكرد كە بەتەمای شتێكە، وەك هەموو جارێك ئاسایی بوو".


نەجلا دوای خەوتنی هەموو ئەندامانی خێزانی مامی، نیوەشەو شتەکانی پێچاونەتەوە و کەمپەکەی جێهێشتووە، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک بزانێت بۆ کوێ رۆیشتووە و چی بەسەر هاتووە، رۆیشتنێک، کە بۆ کەسوکارەکەی شپرزەیی و خەمێکی قووڵی دروستکردووە و ماڵەکەی پڕکردووە لە چاوەڕوانی.


کەسوکاری نەجلا هەمان رۆژ کە زانیویانە رۆیشتووە، هەواڵیان داوەتە پۆلیس، بەڵام تا ئێستا پۆلیس هیچ زانیارییەکی لەبارەی نەجلا دەستنەکەوتووە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بەردەوامە. 


لای خۆشیه‌وه‌ هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک سەبارەت بە ونبونی ئەو کچە رایگەیاند: "لە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە قەزای شێخان  کەسوکاری ئەو کچە سکاڵایان تۆمار کردووە  و داوا دەکەن کچەکەیان بدۆزینەوە، ئێستا لە لێکۆڵینەوەداین بۆ ئەوەی لە چارەنووسی دڵنیابینەوە".
















زۆرترین بینراوەکان