داوایەكی بەپەلە لەبارەی زیادكردنی موچە ئاراستەی حكومەت دەكرێت


نەتەوە  |   17:02:50 2018-10-13  |   (9,613) جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە داهاتی هەرێم سێ هێندە زیادیكردوە بەراورد بەساڵی 2014، بەڵام تائێستا هیچ هەوڵێكی جدی حكومەتی هەرێم نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوش لەپەرلەمانی كوردستان داوایەكی بەپەلە ئاراستەی حكومەت دەكات و ڕایدەگەیەنێت، "نەك تەنها هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت، بەڵكو دەبێت دەست بەدانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانیش بكرێت".
A+    A-

 

بەهزاد دەروێش سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو  لەپەرلەمانی كوردستان بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی  ڕاگەیاندووە، "لەدوای بەرزبونەوەی زیاتری نرخی نەوت و گەیشتنی بەنزیكەی 85 دۆلار، دەبێت لەمەودوا فشارەكانی خەڵك بەو ئاراستەیە چڕبكرێنەوە كە سیستمی پاشەكەوتی موچە هەڵوەشێتەوە".

 

وتیشی:"تەنها لەمساڵدا نرخی نەوت زیاتر لەسێ هێندە بەرزبۆتەوە، بەو واتایەی داهاتی هەرێم سێ ئەوەندە زیادیكردوە، بۆیە هیچ پاساوێكیش نەماوە بۆ ئەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بمێنێت".

 

ئەوەشی ڕونكردەوە، "لەمانگی 2ی 2016 كاتێك حكومەتی هەرێم سیستمی پاشەكەوتی موچەی جێبەجێكرد، نرخی بەرمیلێك نەوت لەنێوان (25 ـ 30) دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بە 85 دۆلارە، چاوەڕوانیشدەكرێت بەهۆی نزیكبونەوەی وادەی سەپاندنی بەشی دوەمی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران، نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێك 100 دۆلار تێپەڕێنێت".

 

بەوتەی بەهزاد دەروێش، "حكومەتی هەرێم دانەوەی قەرزی كۆمپانیا بیانیەكانی كردوە بەبیانوو بۆ هەڵنەوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە".

 

ئەوەشی وت:"لەئێستادا بەهۆی زیادبونی داهاتی حكومەتی هەرێم، نەك دەبێت بەزویی پاشەكەوت هەڵوەشێنرێتەوە، بەڵكو پێویستە مانگانە دەست بەدانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانیش بكرێت".
















زۆرترین بینراوەکان