ئەگەر هەیە ئەم وەزارەتە سیادییەی عیراق بدرێت بەکورد


نەتەوە  |   16:30:26 2018-10-12  |   (126) جار خوێندراوەتەوە

ئەگەرچی هێشتا ھیچ وەزارەتێکی سیادی لە کابینەی داھاتووی حکومەتی عیراق بۆ کورد یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا رایدەگەیەنێت کە پێدەچێت وەزارەتی بەرگریی بەر پێکهاتەی کورد بکەوێت.
A+    A-


د.بێستون عادل پەرلەمانتاری کورد لەبەغدا لە فراکسیۆنی یەکێتی رایدەگەیەنێت، "وەکو ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن، پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەر کورد دەکەوێت، ئەگەر بێت و ئەو پۆستە دابنرێتەوەو ھەروەھا یەکێک لە وەزارەتە سیادییەکانیش کە بریتین لە وەزارەتەکانی (دەرەوە، دارایی، نەوت، پلاندانان، ناوخۆو بەرگریی)، لەگەڵ دوو وەزارەتی خزمەتگوزاریی دیکە بەر پێکهاتەی کورد دەکەوێت".

 

لەبارەی ئەوەشەوە کە ئاخۆ لەم کابینەیەی حکومەتی عیراقدا چ وەزارەتێکی سیادی بەکورد دەدرێت، ئەو پەرلەمانتارە بە ئێس ئێن ئێن-ی وتووە: "بەگوێرەی ئەو قسەو باسانەی دەکرێت، پێدەچێت پۆستی وەزارەتی بەرگریی بدرێت بە پێکهاتەی کورد".

 

دەشڵێت: "پێناچێت وەزارەتی نەوت و دارایی بدرێت بەکورد، چونکە دوو وەزارەتی سیادیی پلە یەکن و هەرچی وەزارەتی پلاندانانیشە سوودی بۆ کورد نییە، بۆیە ھەرچەندە سوننەکانیش داوای دەکەن، بەڵام پێدەچێت وەزارەتی بەرگری بەر کورد بکەوێت".

 

ئەوەشی ئاشکراکردووە کە "ئێستا عادل عەبدولمەھدی رووبەڕووی کێشەی فرە کوتلەیی بووەتەوە لە ناو ھاوپەیمانێتیە شیعەکاندا چونکە وەک ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: ھەر یەک لەو کوتلانە لەناو ھاوپەیمانێتیەکاندا داوای پۆست دەکەن، هەربۆیەشە راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەکە داوایکردووە بۆ ھەر پۆستێک چوار ناوی ئاراستە بکرێت و بەپێی لێوەشاوەیی و سیڤییەکەی بڕیار لەسەر یەکێکیان دەدات".
















زۆرترین بینراوەکان