حکومەت لە فڕێدانی ژمارەیەكی زۆر جوچك دێتەدەنگ


نەتەوە  |   14:55:55 2018-10-12  |   (147) جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەكی زۆر جوچكی زیندوو لەسەر رێگەی سەرەكیی (كەلار ـ سلێمانی) فڕێدەدرێت و ترس و دڵەڕاوكێ‌ لای هاووڵاتیان دروست دەکات و قایمقامیەتی كەلاریش روونكردنەوە لەوبارەیەوە دەدات و دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان.
A+    A-


قایمقامیەتی قەزای كەلار لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەدات کە "دوای ئەوەی شەوی رابردوو لەسەر رێگەی كەلار ـ سلێمانی و لە نزیك ناحیەی باوەنوور ژمارەیەكی زۆر جوچكی زیندوو فڕێدران، بەفەرمانی شەهاب حاجی ئەحمەد قایمقامی كەلارو لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بەدواداچوون بۆ ئەو حاڵەتە كراوە".

 

لەو روونکردنەوەیەدا هاتووە: "دەركەوت هۆكارەكەی لەبەر ئەوەبووە ئەو جوچكانە نەتوانراوە لەماوەی 48 كاتژمێردا لە كارگەوە بگەیەنرێنە كێڵگەكانی پەلەوەر، لەبەرئەوە هیچ خاوەن كێڵگەیەك ئامادەنەبووە بیانكڕێت، چونكە بەگوێرەی میكانیزمی بەخێوكردنی، دوای تێپەڕبوونی 48 كاتژمێر لەناو كێڵگەش خواردنیان پێ بدرێت هەر مردار دەبنەوە و لەناودەچن".

 

قایمقامیەتی ئەو قەزایە لە روونکردنەوەکەیدا پەیامێكی دڵنیایی داوە بە هاووڵاتیان و تێیدا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە کە لەڕێگەی ڤێرتەرنەری گەرمیانەوە بەدواداچوونی ورد كراوە كە ئەو جوچكانە لەڕووی تەندروستییەوە مەترسیان لەسەر نییە و هەڵگری هیچ ڤایرۆس و نەخۆشییەك نین".

 

هەروەک لە کۆتایی روونکردنەوەکەشدا ئاماژەی پێکراوە "لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لێكۆڵینەوە لە حاڵەتەکە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی ئەو شۆفێرەی كە جوچكەكانی فڕێداوە".
















زۆرترین بینراوەکان