داوای پێكهێنانی بەرەیەكی فراوانی سەرتاسەری دەكرێت دژی یەكێتی و پارتی


نەتەوە  |   13:00:11 2018-10-12  |   (821) جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی "جوڵانەوەی نەوەی نوێ" نامەیەكی هاوبەشی ئاراستەی كەسی یەكەمی هەر یەك لە بزوتنەوەی گۆڕان،كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی كردووە و داوای پێكهێنانی بەرەیەكی فراوانی سەرتاسەری دژی یەكێتی و پارتی دەكات.
A+    A-

 

لەو نامەیەدا كە شەممەی ڕابردوو 6/10/2018 ئاراستەی كەسی یەكەمی هەر یەك لە بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی كراوە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندووە: هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە بە دۆخێكی ناهەموواردا تێپەڕ دەبێت، هۆكاری ئەوەش خراپی دۆخی سیاسیی هەرێم و لاوازی هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتییە، كە لەبری ئامانجی گۆڕانكاریی ڕاستەقینە بە كێشەی نێوخۆیی و گرفتی بچووكەوە خۆیان سەرقاڵكردووە.


ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم دۆخە بێباكن، هەر بۆیە بەشێك لە هۆكاری بەردەوامی دۆخەكە بۆ پەرتەوازەیی لایەنەكانی تر دەگەڕێتەوە و لە ڕابردوودا هەركات یەكهەڵوێست بووبن، كاریگەریی ئەرێنی هەبووە.


شاسوار عەبدولواحید هەر لە نامەكەدا، جه‌ختله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، "ئێمە وەكو جوڵانەوەی نەوەێ نوێ لەڕێی ئەم نامەیەوە داوا لە هەموو لایەكتان دەكەین بەتایبەت گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و هەر هێزێكی تری دەرەوەی پارتی و یەكێتی، كە ئامادەیە دژ بەم دەسەڵاتە هەڵوێستی هەبێت، داواتان لێ دەكەین بە زووترین كات بەرەیەكی گەورەی سەرتاسەری دروستبكرێت، كۆمەڵە بڕیارێكی گرنگی تێدا بدرێت و ستراتیژی چوار ساڵی روبەڕوبونەوەی پارتی و یەكێتی تیادا دەستنیشان بكرێت."


لە كۆتایی نامەكەشدا ده‌ڵێت، نەوەی نوێ پێیوایە ئێستا كاتی كاری دەستە جەمعییە و كاتی بیركردنەوەیە لە ئامانجە گەورەكە، هیواشی خواستووە ئەو لایەنانە بە زووترین كات وەڵام بدەنەوە.
 
















زۆرترین بینراوەکان