تەكنۆلۆجیای زانیارییەكان راسپێردرا ژمارەی حساب بۆ فەرمانبەران بكەنەوە


نەتەوە  |   11:49:57 2018-10-12  |   (6,537) جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، "تەكنۆلۆجیای زانیارییەكان"ی راسپاردووە ژمارەی حسابی بۆ فەرمانبەران بكەنەوە، بەڕێوەبەری تەكنۆلۆجیای بانكەكانیش لەهەولێر رایدەگەیەنێت: ئەگەر پشتگیریمان هەبێت لەماوەی شەش مانگدا بۆ هەموو فەرمانبەرانی دروست دەكەین.
A+    A-


مستەفا سەعید خەلیل، بەڕێوەبەری تەكنۆلۆجیای بانكەكان لە هەولێر رایگەیاند، كاركردن لەپڕۆژەی كۆڕبانك سیستم بەردەوامەو لەقۆناغی یەكەمدا شەش بانك لەهەولێر، سلێمانی و دهۆك دەستنیشانكراوە، لەهەولێر دەستمان پێكردووەو بانكەكانی(نیشتمان، دیدەوان، زانكۆ، بانكی پیرمام) داخڵی سیستمی كۆڕبانكین كراوەو ئەوانیش پەیوەستكراون بەسەنتەری داتابەیسك لەتەكنۆلۆژیای بانكەكان.


ناوبراو وتیشی:"لەسلێمانی بانكی باخان دەستنیشانكراوە بۆئەوەی داخڵی سیستمەكە بكرێت".


مستەفا سەعید خەلیل له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم فەرمانیكردووە كە بۆ هەر فەرمانبەرێك ژمارەی حسابی دروست بكرێت، ئامانج لەوكارەش ئەوەیە كە لەداهاتوودا موچە لەڕێگەی فەرمانگەكانەوە دابەشنەكرێت، بەڵكو لەڕێگەی ئەو بانكانە بێت كە داخڵی سیستمی كۆڕبانكین دەكرێن.


بەڕێوەبەری تەكنۆلۆجیای بانكەكان لە هەولێر سەبارەت بەدروستبوونی لۆد لەسەر بانكەكان، وتی:"بێگومان لۆد لەسەر بانكەكان دروست دەبێت، بەڵام چەندین رێگا هەیە بۆكەمكردنەوەی ئەو لۆدە، یەكێك لەو رێگایانەش ئەوەیە هەر وەزارەتێك رۆژێكی بۆ دابنرێت و فەرمانبەرانیش ئازاد بكرێن كە لەچ بانكێك موچە وەربگرن".


وتیشی:"ئامانجی ئێمە ئەوەیە ماستەر كارت و ڤیزاكارت بۆ فەرمانبەران دروست بكرێت، ئەمەش پێویستی بەمۆڵەتی بانكی ناوەندی عیراق هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا كاری لەسەر دەكەین دانانی بناغەیەكەیە بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجە".
جه‌ختیشیكرده‌وه‌،"ئەگەر پشتگیریمان هەبێت دەتوانین لەماوەی شەش مانگدا ژمارەی حسابی بۆ هەموو فەرمانبەران بكەینەوە".
 
















زۆرترین بینراوەکان