ئێران و هه‌رێم رێككه‌وتنێكی نوێ واژۆ ده‌كه‌ن


نەتەوە  |   18:57:58 2018-10-11  |   (4,000) جار خوێندراوەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و ئێران، رایده‌گه‌یه‌نێت، "رێككه‌وتنێكی نوێ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران سه‌باره‌ت به‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و مه‌رزه‌كان ئه‌نجامدراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ی ئاستی ئاڵوگۆر به‌رزده‌كرێته‌وه‌، هاوكات مه‌رزه‌كانیش ده‌بن به‌ 24 كاتژمێر".
A+    A-

 

عه‌بدوڵا ئاكره‌یی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و ئێران له‌ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، "دوای ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رێككه‌وتنێكی نوێمان واژۆكرد، كه‌ ئێران به‌ڵێنیداوه‌ جێبه‌جێی بكات و هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ بازرگانانی هه‌رێم بكه‌ن و مه‌رزه‌كانیشیان 24 كاتژمێر كراوه‌بن كه‌ ئامانج لێی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی جموجۆڵی بازرگانی نێوان هه‌ردوولایه‌.


ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی دواڕۆژ وتیشی: "هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بێت و له‌رابردووش وابووه‌، به‌ڵام لایه‌نی ئێرانی پێشتر پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نه‌بوون، دوای ئه‌م رێككه‌وتنه‌ نوێیه‌ش هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ بازرگانانی هه‌رێم ده‌كرێت، هه‌روه‌ها مه‌رزه‌كانیشیان 24 كراوه‌ ده‌بن، ئاستی ئالوگۆریش به‌رزده‌كرێته‌وه‌و جموجۆڵی بازرگانی زیاتر په‌ره‌ی پێده‌درێت".


ئاكره‌یی له‌باره‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی ئێران بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت ژماره‌یه‌ك كه‌لوپه‌ل و خوارده‌مه‌نی و میوه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "به‌هۆی ئه‌و گه‌مارۆ ئابوورییه‌ی كه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر ئێران، هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی خۆراكیان قه‌ده‌غه‌ كردووه‌ و باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن به‌شی هه‌رێمی كوردستانیش دابین بكه‌ن، به‌ڵام ئێستا ناینێرن بۆ هه‌رێمی كوردستان، پێویسته‌ هه‌رێم له‌ سه‌رچاوه‌ی تره‌وه‌ ئه‌و كه‌ل و په‌لانه‌ هاورده‌ بكات".
 
















زۆرترین بینراوەکان