10 داواكاری لەبارەی چاككردنی دۆخی مامۆستایانەوە پەسەندكرا


نەتەوە  |   17:16:34 2018-10-11  |   (3,617) جار خوێندراوەتەوە

كۆبوونەوەی "مەكتەبی تەنفیزی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان" كۆتایی هات و 10 داواكاریی تایبەت بە موچەو گوزەرانی مامۆستایان پەسەندكراو سەرۆكی لقی سلێمانی ئەو یەكێتییەش، وردەكاریی داوكارییەكان ئاشكرا دەكات. 
A+    A-

 

دڵشاد مەجید، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، رایگەیاند، لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆ 11/10/2018ی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی مامۆستایاندا، 10 داواكاری تایبەت بە موچەو گوزەرانی مامۆستایانی هەرێمی كوردستان پەسەندكراو بڕیاریشدرا لەڕێگەی وەزارەتی پەروەردەو كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمەوە، كاری جدییان لەسەر بكرێت.


ناوبراو لەبارەی ناوەڕۆكی داواكارییەكانیشەوە، وتی:" داوامانكردووە نوسراو ئاراستەی حكومەتی هەرێم بكرێت بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچەو دیاریكردنی چارەنووسی موچە پاشەكەوتكراوەكان و دروستكردنی ژمارەی بانكی بۆ موچە پاشەكەوتكراوەكان، هەروەها دابینكردنی موچە بۆ هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا".


هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، هەروەها داوامانكردووە، كە میلاك بۆ وەزارەتی پەروەردە دابینبكرێت و گۆڕینی ناونیشانی وەزیفی گرێبەستە كاتییەكان بۆ هەمیشەیی، لەگەڵ پێدانی ئەولەویەت بە دامەزراندنی وانەبێژەكان، نوسراویش بكرێت بۆ وەزارەتی پەروەردە بەمەبەستی جێبەجێكردنی بەرزەموچە (ترفیع) لەموچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و موچەی خانەنشینیش هاوتای بەغدا بكرێت.


سەبارەت بە پێدانی رۆژێك پشوو بەمامۆستایان، دڵشاد مەجید له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن رایگەیاند، بڕیاردرا كاری جدی بكرێت لەسەر كردنی رۆژانی شەممە بە پشووی فەرمی، وەك لە عیراقدا كاری پێدەكرێت.


ئاشكراشیكرد، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە یەكێتیی مامۆستایان كاری جدی لەسەر ئەو داواكارییانە دەكات.
 
















زۆرترین بینراوەکان