زیاتر له‌ 39 هه‌زار خوێندكار لەم زانکۆو پەیمانگەکان وه‌رده‌گیرێن


نەتەوە  |   13:21:11 2018-10-11  |   (209) جار خوێندراوەتەوە

وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵای هه‌رێم ناوی‌ خوێندكارانی‌ وه‌رگیراوی‌ له ‌زانكۆو په‌یمانگاكان ئاشكراكردو سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ خوێندكارانیش روونی دەکاتەوە کە زیاتر له‌ 39 هه‌زار خوێندكار وه‌رگیراون و كه‌مترین كۆنمره‌ی‌ وه‌رگرتنیش بە نمرەی 60.43 بووە.
A+    A-


د.خه‌تاب شێخانی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ خوێندكاران له پرێس کۆنفرانسێکدا واده‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ ناوی‌ وه‌رگیراوان له ‌زانكۆو په‌یمانگاكانی بۆ خوێندنی‌ ساڵی‌ 2018-2019 راگه‌یاندو داوای‌ له ‌خوێندكاران كرد له ‌سبه‌ی شەممەوە  ده‌توانن لە سایتی زانکۆلاین ناوه‌كانی‌ خۆیان بدۆزنه‌وه‌.

 

هەروەها وتی: "به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی‌ رابردوودا بۆ ئه‌مساڵ نزیكه‌ی‌ 20 رۆژ زووتر ناوه‌كان راگه‌یه‌ندراوه‌و  هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ ساڵانی‌ داهاتووش پێش (یەکی ئەیلول) رایبگه‌یه‌نین و هه‌موو سیستمه‌كه‌ به ‌ئۆنلاین بووه‌".

 

سه‌باره‌ت به ‌ژماره‌ی‌ وه‌رگیراوانیش له ‌زانكۆو په‌یمانگەكان ئاشكرایكردووە کە "بۆ ئه‌مساڵی‌ خوێندن 39 هه‌زارو 57 كورسی‌  به ‌سه‌رجه‌م سیستمه‌كانه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ خوێندكاران له ‌زانكۆو په‌یمانگاكان دانراوه‌، 28 هه‌زارو 609 خوێندكار وه‌رگیراون، وه‌رگیراوانیش به‌ڕێژه‌یی‌ زیاتره‌ له‌ 53%، له ‌زانكۆو په‌یمانگە حكومیه‌كان، به‌ڵام ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌هۆی‌ ‌بوونی‌ كورسی‌ به‌تاڵ له ‌به‌شه‌كاندا ده‌گۆڕدرێت و به‌رزده‌بێته‌وه‌".

 

لەبارەی بۆ وه‌رگرتنی‌ خوێندكارانیشەوە له ‌زانكۆ تایبه‌ته‌كان ته‌ئكید لەوە دەکاتەوە کەزانكۆ تایبه‌ته‌كان پرۆسه‌ی‌ وه‌رگرتنیان ته‌واو نه‌بووه‌، هه‌فته‌یه‌كی‌ دیكه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت و دەڵێت: "ئه‌وان 25 هه‌زار كورسییان هه‌یه‌".

 

ئاماژەشی بەوە داوە کە كه‌مترین  كۆنمره‌ بۆ ئه‌مساڵ له ‌زانكۆو په‌یمانگاكان  کە وه‌رگیراوه‌ 60.43 نمره‌ بووه‌، كاتی‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامه‌كانیش له ‌سبه‌ینێ كاتژمێر 10ی‌ سەرلەبه‌یانییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و خوێندكاران ده‌توانن له ‌ماڵپه‌ڕی‌ زانكۆلاین ناوه‌كانیان بدۆزنه‌وه‌ كه‌ له ‌چ زانكۆو په‌یمانگەیه‌ك وه‌رگیراون.

 

لەبارەی سكاڵاكانیشەوە دەڵێت: "تۆماركردنی‌ سكاڵاش هه‌ر له ‌سبه‌ینێوە تا رۆژی 2018/10/20 ده‌بێت و ده‌ستپێكردنی‌ ده‌وامیش بۆ خوێندكارانی‌ وارگیراو له2018/10/21ەوە ده‌ستپێده‌كات".
















زۆرترین بینراوەکان