لەبارەی سکاڵایەکەوە لە وەزارەت ناوخۆی عیراق، یەكێتی روونكردنەوە دەدات


نەتەوە  |   08:38:43 2018-10-11  |   (210) جار خوێندراوەتەوە

یەكێتی لەسەر سكاڵاكەی هەرسێ لایەنی (گۆڕان، كۆمەڵ و نەوی نوێ) دێتەدەنگ و پەرلەمانتارێكی ئەو فراكسیۆنەش بێباکیی حزبەکەی لەو سكاڵایە رادەگەیەنێت و بە "پەلەقاژە"ی ئەو سێ لایەنە ساکاڵاکارەی وەسف دەکات.
A+    A-


پاش ئەوەی هەرسی لایەنی ( گۆڕان، كۆمەڵ و نەوی نوێ)، لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق بەفەرمی سكاڵایان لەسەر یەکێتی و پارتی تۆماركردووە لەسەر ئەوەی کە گوایە "لەڕێگەی ساختەكردنی بەڵگەنامەكانی رەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانیی عیراقەوە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی هەرێمدا ساختەكاریی كراوە".

 

لەوبارەیەشەوە، بەختیار شاوەیس پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاندووە: ئێمە وەكو یەكێتی هیچ باكێكمان بەوە نییە كە هەرسێ لایەنی (گۆڕان، كۆمەڵ و نەوی نوێ) لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق یان لەهەر شوێنێكی تر سكاڵا دەكەن.

 

لەوبارەیەشەوە بە ئێس ئێن ئێن-ی وتووە: "ئەو سێ لایەنە وەكو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پاساو دەدۆزنەوە، كە ئەوكات باسیان لەوە كرد كە گوایە كاری ساختەكاریی لە سیستمی ئەلەكترۆنیدا كراوە، بەڵام دواتر بۆیان دەركەوت كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشدا دەنگەكانیان زۆر لەوە زیاتر كەمیكردووە".

 

هەروەها دەڵێت: "ئەمە هەر پەلەقاژەیەو تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندنی ئەو بەشە كەمەی خەڵكە كە دەنگی پێداون".

 

ئاماژەشی بەوە داوە کە ئەو جۆرە كاركردنە "ئەنجامی شكستهێنانی ئەو لایەنانەیە و ئێستاش بەو كارانە دەیانەوێت خەڵكی خۆیان فریو بدەن".
















زۆرترین بینراوەکان