سەرۆكی داهاتووی حكومەتی هەرێم دوو جێگری دەبێت


نەتەوە  |   12:34:20 2018-10-10  |   (2,286) جار خوێندراوەتەوە

هەردوو "پێكهاتەی توركمان و مەسیحییەكانی هەرێم" داوادەكەن لە حكومەتی داهاتووی هەرێم پۆستی باڵایان پێبدرێت و ئەندامێكی ئەنجومەنی كلدانی سریانی ئاشووریش دەڵێت: "دەترسین حزبەكانی دیكەی هەرێم رێگە نەدەن ئەو دوو پۆستە بە پێكهاتەكان بدرێت".
A+    A-

 

لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمدا توركمان و مەسیحییەكان دوو پۆستی وزاری و چەندین پۆستیان وەك بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری گشتی پێدراوە، بەڵام داوادەكەن لە حكومەتی داهاتووی هەرێمدا پۆستی باڵایان پێبدرێت.


محەمەد ئیلخانلی، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی بەماڵپەڕی دواڕۆژی راگەیاندوە: داواكارین لە حكومەتی داهاتووی هەرێم بەشداری توركمان تەنیا بە پۆستێكی وزاری نەبێت، بەڵكو داواكارین پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بە توركمان بدرێت.


وتیشی: "لە دانووستانی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ حزبەكانی هەرێم كۆدەبینەوە و بەڕەسمی داواكارییەكانمان دەخەینەڕوو و پێداگری دەكەین لە وەرگرتنی پۆستێكی باڵا لەسەر ئاستی هەرێم".


لای خۆشیەوە وەحیدە یاقو هرمز، ئەندامی ئەنجومەنی كلدانی سریانی ئاشووری بەماڵپەڕەكەی راگەیاندوە: پارتی پێشنیازی بۆ هەردوو پێكهاتەی توركمان و مەسیحی كردووە، كە لە حكومەتی داهاتووی هەرێم سەرۆكی حكومەت دوو جێگری دەبێت و هەردوو جێگیرەكەش دەدرێتە پێكهاتەی توركمان و مەسیحییەكانی هەرێم.


وەحیدە یاقو ئاماژەی بەوەشكردوە: ئەگەر ئەمجارە پارتی حكومەت پێكبهێنێت، ئەوا پۆستەكانیان پێدەدرێت، بەڵام ترسیان هەیە حزبەكانی دیكەی هەرێم رازی نەبن ئەو پۆستە "گرنگانە" بە پێكهاتەی توركمان و مەسیحییەكان بدرێت.


توركمان و مەسیحییەكانی هەرێم بەسیستمی كۆتا 10 كورسییان لە پەرلەمانی كوردستان پێدراوە و لەسەرجەم كابینەكانی حكومەتی هەرێم بەشدارییان پێكراوە.
 
















زۆرترین بینراوەکان