بڕیاری كۆتایی له‌باره‌ی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌و دانانه‌وه‌ی پشووی‌ ڕۆژانی شه‌ممه‌ ده‌درێت


نەتەوە  |   01:32:14 2018-10-10  |   (8,177) جار خوێندراوەتەوە

لقی‌ "سلێمانی"‌ یه‌كێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستان، چه‌ند بڕیارێكی گرنگ له‌باره‌ی‌ موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان و دانانه‌وه‌ی‌ پشووی‌ ڕۆژانی‌ شه‌ممه‌ بۆ مامۆستایان ده‌دات، سه‌رۆكی‌ لقه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت: بڕیاره‌كان ئاراسته‌ی‌ مه‌كته‌بی ته‌نفیزی و وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت.
A+    A-

 

دڵشاد مه‌جید، سه‌رۆكی‌ لقی‌ سلێمانی‌ یه‌كێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستان، رایگه‌یاند:"رۆژی سێشه‌ممه‌ 9/10/2018 وه‌ك لقی‌ سلێمانی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان ئه‌نجام دا بۆ تاوتوێكردنی پرۆسه‌ی‌ خوێندنی‌ ساڵی‌ 2018-2019".


ناوبراو وتیشی: له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند بڕیارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی مامۆستایان درا، جگه‌له‌وه‌ش دانانی‌ پشووی ڕۆژانی‌ شه‌ممه‌ بۆ خوێندنگه‌كان له‌م قۆناغه‌دا پێویست و گرنگه‌.


ئاشكراشیكرد، بڕیاریشدرا نوسراوێك ئاراسته‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و وه‌زاره‌تی‌ دارایی بكرێت سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ سیستمی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌و ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی‌ سه‌رله‌نوێی به‌رزه‌ موچه‌ بۆ مامۆستایان، له‌گه‌ڵ ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ رابردوودا كه‌ ئه‌و به‌رزه‌ موچه‌یه‌ بۆ مامۆستایان ئه‌ژمار نه‌كراوه‌.


دڵشاد مه‌جید له‌درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی وتی: یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌ بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ رۆژی سێشه‌ممه‌، چاره‌نووسی موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی‌ مامۆستایان بوو، كه‌ پێویسته‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ پاشكه‌وتی‌ موچه‌ یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌، پشووی رۆژانی‌ شه‌ممه‌ بۆ مامۆستایان و خوێندكاران هه‌بێت، كه‌ ئه‌وه‌ش داواكاری به‌شێك له‌ دایكان و باوكانی خوێندكاران بووه‌.


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو له‌ ئێستادا مامۆستایان 75%ی موچه‌كه‌یان وه‌رده‌گرن، بۆیه‌ پێویسته‌ رۆژانی‌ شه‌ممه‌ بكرێته‌ پشوو له‌ خوێندنگه‌كان، تا ئه‌وكاته‌ی‌ پاشكه‌وته‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.


هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، بڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی‌ مامۆستایان، كه‌ رۆژی 11/10/2018 له‌شاری‌ هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌درێت، بڕیاره‌كانی‌ ئێمه‌ تاوتوێ بكرێت.


رونیشیكرده‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌بی ته‌نفیزی بڕیاری كۆتایی له‌باره‌ی‌ داواكانی‌ ئێمه‌ ده‌دات، ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ ئاراسته‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت، كه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بڕیار و راسپارده‌كانی‌ لقی سلێمانی یه‌كێتی مامۆستایان بدات و كاریان له‌سه‌ر بكات.
 
















زۆرترین بینراوەکان