حكوومەت رێگای گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە ئاشكرا دەكات


نەتەوە  |   10:21:47 2018-10-09  |   (10,768) جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی "هەرێم" باس لە سێ سیناریۆی حكوومەت دەكات بۆ چۆنیەتی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە بۆ فەرمانبەران.
A+    A-

 

نەورۆز قازی، سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان رایگەیاند، بۆ دانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان بۆ فەرمانبەران چەند سیناریۆیەك هەیە، لەوانە، "كردنەوەی ژمارەی حیسابی بانكی بۆ فەرمانبەران بۆ ئەوەی پارەی پاشەكەوت بچێتە ئەو حیسابە و فەرمانبەر بتوانێت بەشێكی لێ رابكێشێت، سیناریۆیەكی تر هەیە، بۆ ئەوەی ئەگەر فەرمانبەر قەرزاری حكوومەت بێت لە ئاو و كارەبا و باج و رسومات لە پاشەكەوت بدرێتەوە".


ناوبراو لە درێژەی لێدوانەكەی بۆ هەفتەنامەی "باس" رێگا چارەیەكی تر دەخاتەروو، "رێگایەكی تركە خۆم پێشكەشی بەرپرسانی ئەنجومەنی وەزیرانم كردووە ئەوەیە كە ئەو پاشەكەوتەی دەمێنێت، بمێنێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە فەرمانبەر خانەنشین دەكرێت، واتا كەسێك كە بە مووچەیەكی كەم خانەنشین دەبێت مانگانە رێژەیەك لە پارەی پاشەكەوتكراوی پێ بدرێتەوە".


نەورۆز قازی پێیوایە لەو سێ سیناریۆیە بترازێت هیچ رێگایەكی تر نیە حكوومەت پاشەكەوت بە فەرمانبەران بداتەوە بە تایبەت لە رێگەی پارەی كاشەوە، چونكە پارەكە چەندین تریلیۆن دینارە و بۆ حكوومەت زەحمەتە كاش بیداتەوە.


روونیشیكردەوە پلانی حكوومەت ئەوەیە لەماوەیەكی كورتدا سیستەمی پاشەكەوتی مووچە بە یەكجاری هەڵبگرێت،" دەبێت بەرچاومان روون بێت كە ئایا لە بودجەی 2019 چۆن باسی پاشەكەوت دەكرێت بۆ ئەوەی لە رێگەی بودجەوە چارەسەر بكرێت".


بەپێی زانیارییەكان، كۆی مووچە نەدراوەكانی فەرمانبەران، بەبێ مووچەی خانەنشینان لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٧ بریتییە لە ٩ مووچەی تەواو، كە زیاتر لە 9 تریلیۆن دینار دەكات.


لای خۆشیەوە پەروین نوری، بەرێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند،"پەیوەست بەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران لە ساڵی 2019 هەڵبگیرێت،یان چۆن بدرێتەوە،ئەوە دەوەستێتە پێگەی كورد  لە حكوومەتی  عێراق  و پرسی ناردنی بەشە بودجەی تەواو".


هاوكات عیزەت سابیر،سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بەهەفتەنامەكەی راگەیاند، "وەكوو لە بەرپرسانی حكوومەت زانیاریمان پێ دراوە، تا حكووومەت پارەی دەبێت، پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران وەكوو قەرز ئەژمار دەكرێت، بەپێی ھەموو یاسایەك پاشەكەوت قەرزە لەسەر حكوومەت و دەبێت بیداتەوە".


ناوبراو سەبارەت بە كردنەوەی حیساب بانكی بۆ مووچەخۆران، وتی: حكوومەت بەڵێنی داوە بە كردنەوەی حیساب بانكی بۆ فەرمانبەران، بەڵام كاتەكەی دیاری نەكراوە، ئەوە دەبێتە قۆناخی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری، كە بڕیارە بەم نزیكانە دەست پێ بكات.
















زۆرترین بینراوەکان